نوسرەت نرخی بەردەکەی گەیاندە دوو ملیۆن دۆلار


رووداو دیجیتاڵ 

نوسرەت گۆکچە، ئەو شێفە بەناوبانگەی باکووری کوردستان و تورکیایە کە بەهۆی خواردنەکانی پەلی بۆ هەموو جیهان هاوێشتووە و گەشتیاران لە وڵاتە جیاوازەکانەوە سەردانی دەکەن. ساڵی رابردوو لەکاتی سەردانی بۆ دورگەی میکۆنۆسی یۆنان، بەردێکی 10 کیلۆیی بەکاردەهێنا بۆ وەرزشکردن، ئێستا دەڵێت، هەر کەس دەیەوێت بیکڕێت، نرخەکەی بە دوو ملیۆن دۆلارە. 
 
نوسرەت لەکاتی وەرزشکردن بە بەردەکەوە چەند وێنەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و دوای کاردانەوەی هەوادارەکانی کە سەرنجیانی زۆر راکێشابوو، بڕیاریدا بەردەکە بەرێتەوە رێستۆرانتەکەی لە ئیستەنبووڵ.
 
سەرەتا نوسرەت نرخی یەک ملیۆن دۆلاری لەسەر بەردەکە دانابوو، بەڵام ئێستا بە ئاڵتوون رووپۆشی کردووە و نرخەکەی کردووە بە دوو هێندە، واتە دوو ملیۆن دۆلار. لەگەڵ بەردەکەی وێنەی گرتووە و لە ماوەیەکی کەمدا نیو ملیۆن لایکی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بۆ هاتووە. 
 
نوسرەت بەهۆی شێوازی پێشکێشکردنی خواردنەکانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەروەها شێوازە تایبەتەکەی لە خوێ پێداکردنی خواردنەکانی ناوی خۆی لە هەموو جیهان بڵاوکردووەتەوە و ئەستێرە و کەسە بەناوبانگەکان سەردانی دەکەن. 
 
نوسرەت گۆکچە لە گوندی بەردکی شارۆچکەی ئۆرتلیانێی سەر بە پارێزگای ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 2017 ماڵباتی ئەو شێفە لە ڤیتییەکی رووداودا کوردبوونی نوسرەتیان دووپاتکردەوە و هێشتاش کەسوکارەکەی لەو گوندە دەژین.



نوسرەت نرخی بەردەکەی گەیاندە دوو ملیۆن دۆلار