عەبدوڵڵا گول: دەبێ مورسی ئازاد بكرێت

14-08-2013
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن عەبدوڵڵا گوڵ محەممەد مورسی
A+ A-
رووداو-Hurriyet

سەرۆك كۆماری توركیا رایدەگەیەنێت "رووداوەكانی میسر دەرگا بەڕووی پشێوی زیاتر دەكەنەوە و  كاریگەری بەسەر تەواوی جیهانی ئیسلامی دەبێت". داواش دەكات "محەممەد مورسی، سەرۆكی هەڵبژێردراوی میسر لە زیندان ئازاد بكرێ".

عەبدوڵڵا گول، سەرۆك كۆماری توركیا، بەر لەوەی بەرەو ئازەربایجان بەڕێبكەوێت رایگەیاند "ئەو رووداوەی لێی دەترساین روویدا، زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی رووداوەكان نەگەنە ئەو حاڵەی ئێستا، بە هیچ شێوەیەك ئەوە قەبوڵ ناكرێ، كە چەك لە دژی خەڵكی سڤیل بە كار بهێنرێ، دەرەنجامەكەی هەرچییەك بێت ئەم رووداوە دەرگا بەرووی زۆر پێشهاتی ناخۆش دەكاتەوە، لەم رووەوە هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەین".
 
گول ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە سەرەخۆشی لەگەلی میسر دەكەین، تاوەكو ئیستا ژمارەی كوژراوەكان بە روونی نازانرێ چەندە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا دەردەكەوێ. ترسی ئێمە لەوەیە، کە میسر دەكەوێتە نێو پشێوییەكەوە، كە ناتوانێ لێی دەرچێ".

گول زیاتر دەڵێت "ئەو رووداوانەی میسر تەنیا كاریگەری ناخاتە سەر میسر و وڵاتانی عەرەبی، بەڵكو كاریگەری بۆ سەر تەواوی جیهانی مسوڵمانان دەبێت".

هەروەها داوای لە هەموو لایەك كرد هەوڵەكانیان یەك بخەن بۆ ئەوەی میسر بە رێگایەكی دروست لەم پشێوییە رزگاربكەن، بۆ ئەو مەبەستەش گوتی "بەر لە  هەر شتێك دەبێ سەرۆك كۆماری هەڵبژێردرا و لە زیندان ئازاد بكرێ. هەروەها هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجامبدرێ، كە هەموو لایەك بەشداری تێیدا بكەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە