وەزیری دادی تورکیا لەبارەی مردنی دوو کەس بە کارەبا: بەرپرسیار سزا دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەبارەت بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی تورکیا بەهۆی بارگاویبوونی ئاو، وەزیری دادی ئەو وڵاتە رایگەیاند، هەرکەسێک بەرپرسیار بێت بێئەوەی سەیری فرمێسکی چاوانی بکەن، سزای دەدەن.
 
دوای ئەوەی رۆژی هەینی 12-7-2024، دوو هاووڵاتیی تورکیا لە پارێزگای ئیزمیر لەکاتی رۆیشتنیان بە نێو ئاوی کۆبووەوە و باراندا، کارەبا لێیدیمەنیدان و گیانیان لەدەستدا، وەزیری دادی ئەو وڵاتە رایگەیاند "نابێت لەم سەردەمەدا شتی وەها رووبدات. داواکاری گشتی دەستی بە لێپرسینەوە کردووە. چاوەڕێی راپۆرت دەکەین. لێکۆڵینەوەی تاوان بەوپەڕی وردییەوە دەکەین. هەر کەس تۆمەتبار بێت، سەیری فرمێسکی چاوی ناکەین."  
 
هەروەها ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسی "لە سەدەی 21، هیچ هاووڵاتییەکمان شایستەی ئەوە نییە بەم جۆرە تراژیدییە گیان لەدەستبدات. نابێت هیچ کەسێک بەگوێرەی ناسنامە، دامەزراوە و حیزب هەڵوێست لە بابەتەکە نیشان بدات." 
 
سەرۆکی جەهەپە هەروەها رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆسیەی دادگەیی دەکەن.
 
رۆژی هەینی دوای ئەوەی بارانی بەلێزمە لە چەند ناوچەیەکی ئیزمیر باری، لە چەند شوێنێک ئاو کۆبووەوە. لە یەکێک لەو شوێنانەدا ئاوەکە بە تەزووی کارەبا بارگاوی ببوو. دوو هاوڵاتی کە لەوکاتەدا بەو شوێنەدا دەپەڕینەوە، کارەبا گرتنی و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
 
سەرەتا ئۆزگە جەرەن دەنیزـی تەمەن 23 ساڵ پێ دەخاتە نێو ئاوەکە و راستەوخۆ دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات. ئینانچ ئۆکتەمای تەمەن 44 ساڵ کە نازانێت ئەو کەسە کارەبا گرتوویەتی، هەوڵی رزگارکردنی دەدات، بەڵام ئەویش بە هەمان شێوە گیانی لەدەستدا. 
 
ئەو دیمەنە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکرا و بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری بەدواداهات.