رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچكەی کەربۆران سەر بە پارێزگای مێرین ـی باکووری کوردستان، شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویدا. وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای پەکەکەی راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14ـی تەمووز) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گرتەی ڤیدیۆیی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردەوە.
بە گوتەی یەرلیکایا، لە سنووری شارۆچكەی کەربۆران شەڕ و پێکدادان روویداوە و دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای مێردین لە شەوی هەینی 12ـی تەمووز گوندی دەیوان و چەند گوندێکی دیکەی سەر بە شارۆچکەی کەربۆران ـی وەک "ناوچەی ئەمنی تایبەت" ناساند و تاوەکو 26ـی هەمان مانگ، قەدەخەی هاتووچۆی لە گوندی دەیوان راگەیاند. دواتر سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ناوچەکە دەستپێکرد و چوار ئەندامی یەک خێزانیان دەستبەسەر کرد.
رۆژی شەممە (13ـی تەمووز) قەدەخەی هاتووچۆ لەسەر گوندەکە هەڵگیرا. بەپێی زانیارییەکان، دوای بڕیاری قەدەخەکردنەکە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا تەرمی دوو کەسیان بردووە بۆ نەخۆشخانەی کەربۆران.
ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، ئەو تەرمانە گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بوون کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)ـیە، کە لەکاتی قەدەخەکردنەکەدا لە ئەنجامی بۆردوومانی سوپای تورکیا، گیانیان لەدەستداوە. بەڵام میدیای نزیکی پەکەکە هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو تەرمەکە بە هەلیکۆپتەر لە کەربۆرانەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی مێردین گواستراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ