رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە چەند دارستانێکی تورکیا کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش لە هەوڵی کوژاندنەوەیاندان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئاگر لە دارستانەکانی موغڵا، ئایدن، دەنیزلی و بالکئەسیر لە تورکیا کەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له رێگەی هێلیکۆپتەر و ئامێری دیکەوە ههوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی ئەوەی ئاگری دارستانەکان بە خێرایی تەشەنەی کردووە، نەتواندراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار 1022 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتوونەتەوە و لە ئەنجامدا 6900 هێکتار زەویی دارستان و پاوان سووتان؛ هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش بریندار بوون.
هەر بەپێی هەمان ئامار، پێرار 1203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە و لە ئەنجامدا 10446 هێکتار لە زەویی دارستانەکان سووتا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 149 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ