پارتەکانی تورکیا بۆ سەرکەوتنیان بەڵێنی جیا بە کورد دەدەن

14-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بەشێکی گرنگی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بوو؛ هەر پارتە بە جۆرێک باسی پرسی کورد دەکات و هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هاونیشتمانیان دەدات.
 
ئاکپارتی دەڵێ، لە ماوەی 20 ساڵی رابردووی دەسەڵاتیدا کێشەی کوردی چارەسەر کردووە؛ جەهەپە دەڵێ، کێشەی کورد لە پەرلەماندا چارەسەر دەکەن؛ پارتی دەڤا باس لەوە دەکات، پێویستە رێگە بدرێت هاونیشتمانیان بە زمانی کوردی بخوێنن؛ پارتی ئاییندە دەڵێت، رێگە نادەن کورد بە کەم سەیر بکرێت؛ هەدەپەش چارەسەرکردنی کێشەی کورد و زمانی کوردی زۆرینەی بەرنامەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنییەتی.
 
ئاکپارتی: کێشەی کوردمان چارەسەر کردووە
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە 20 ساڵە دەسەڵاتداری یەکەمی تورکیایە، لە زۆرینەی هەڵبژاردنەکاندا لە هەندێک شوێنی باکووری کوردستان دەنگی زۆرینەی هەبووە؛ لە زۆرینەشی دووەم زۆرترین دەنگی کوردی بەدەستهێناوە. لەم هەڵبژاردنەدا لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت "کێشەی کوردمان چارەسەر کردووە".
 
رۆژی 12-4-2023 رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ بەشێکی میدیاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، "هەمیشە خوشک و برا کوردەکانمان بە جیاواز لە پەکەکە بینیوە. ئاکپارتی ئەو پارتەیە کە زۆرترین دەنگی کورد لە تورکیا بەدەستدەهێنێت. ئایا لە ناوچەکەدا زمانی کوردی قسەی پێدەکرا؟ نەخێر، ئێمە رێگەمان لە بەردەمیدا کردەوە. ئایا لەسەر تابلۆکان بە کوردی دەنووسرا؟ نەخێر، ئێمە رێگەی ئەوەمان کردەوە. لە وڵاتی ئێمەدا خوشک و برا کوردەکانمان هیچ کێشەیەکیان نییە؛ کێشەکە لەوەدایە کە رێکخراوە تیرۆریستییەکە دەستی بەسەر ویستی خوشک و برا کوردەکانماندا گرتووە".
 
لە بەرنامەی کارەکەیاندا ئاکپارتی دەڵێت، "قەدەخە و سنووردارکردنەکانی سەر کوردمان هەڵگرتووە و پۆست و پلەی باڵامان بە کورد داوە".
 
هەدەپە: دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت
 
هەدەپە کە لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا دەنگی یەکەمی باکووری کوردستانی بەدەستهێناوە، جگە لە کورد، بەربژێری لە تورک و نەتەوەکانی دیکەی تورکیاش هەیە.
 
ئەو پارتە لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت، "کاردەکەین بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی"؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت خوێندن بە زمانی کوردی زیاتر بێت و زمانی کوردی لە فەرمانگەکانیشدا بەکاربهێندرێت.
 
یەکێکی دیکە لە بەڵێنەکانی هەدەپە کارکردنە کار بۆ ئازادکردنی گیراوانی "سیاسی"، کە جگە لە هاوسەرۆکانی پێشوویان، هەزاران ئەندام و لایەنگریان بە تۆمەتی "تیرۆر و رێکخستنی قەدەخە" لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندان.
 
جەهەپە: کێشەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر دەکەین
 
جەهەپە کە بە رکابەری سەرەکی ئاکپارتی و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێریانە و رکابەری ئەردۆغانە و هەدەپەش پشتیوانی دەکات، بۆ پرسی کورد دەڵێت، "کێشەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر دەکەین".
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەڵێنی ئەوەی بە کورد داوە؛ جیاکاریی نێوان ناسنامە و شووناس لە تورکیادا نەهێڵێت و ناوەندێکی ئابووری لە ئەرزەڕۆم بۆ بووژاندنەوەی باکووری کوردستان دروستبکات.
 
دەڤا: کوردی دووەمین زمانی قسەکردنە و پێویستە بخوێندرێت
 
پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە عەلی باباجان یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پێشووی ئاکپارتی سەرۆکایەتیی دەکات، لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت،" کورد کێشەی هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت؛ دەستووری تورکیا کورد لەخۆناگرێت و پێویستی بە گۆڕینە".
 
ئەو حیزبەی تورکیا لە بانگەشەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کوردی دووەمین زمانی قسەکردنە و پێویستە لە تورکیادا بخوێندرێت؛ دەشڵێت، "رێگە نادەین زمانی کوردی لە پەرلەمان بە نەزانراو تۆماربکرێت".
 
پارتی ئاییندە: نابێت کوردی دەرەوەی سنوور تورکیا بە هەڕەشە ببینن
 
پارتی ئاییندە کە ئەویش لە هەناوی ئاکپارتییەوە هاتووەتە دەرەوە و ئەحمەد داودئۆغڵوو سەرۆکایەتیی دەکات، کە پێشتر سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە لە پشكی ئاکپارتی، بۆ پرسی کورد دەڵێت، پێویستە کێشەی کورد بە شێوەیەکی "نوێ" چارەسەر بکرێت؛ دەبێت پارتە سیاسییەکان کێشەی کورد بە کێشەی خۆیان بزانن.
 
بە گوێرەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئاییندە، رێگەنادەن کورد بە کەم سەیر بکرێت. وەکو ئاماژەدانێکیش بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، حیزبەکەی داودئۆغڵوو دەڵێ، "نابێت کوردی دەرەوەی سنوور، تورکیا بە هەڕەشە ببینن".
 
لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان 60 ملیۆن و 697 هەزار و 845 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ بۆ دەنگدانیان 191 هەزار و 884 سندووق دانراون؛ 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسییان لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: بەرەی نێوخۆیی بە دانانی قەییوم و دەستگیرکردن پێکنایەت

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی پڕ لە گرژیدایە، حکومەتی تورکیا لە رێگەی دانانی قەییومەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەشڵێت، ''ئەوە رێگەچارە نییە''.