رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئیستەنبووڵ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و 28ـەمین خولی پەرلەماندا کرد و رایگەیاند، 601 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدان.
سلێمان سۆیڵو، بەربژێری ئاکپارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بۆ پەرلەمانی تورکیا، لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگداندا، لەگەڵ هاوژینەکەی دەنگیان دا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بۆ میدیاکان دوا.
سلێمان سۆیڵو رایگەیاند، "پلانی ئەمنیمان بۆ سێ قۆناخ داڕشتووە. قۆناخی یەکەمی بەسەرکەوتوویی بەڕێکرا کە قۆناخی پێش هەڵبژاردن بوو؛ ئەمڕۆش قۆناخی دووەم بەڕێوەدەچێت کە پلانی رۆژی هەڵبژاردنە و قۆناخی سێیەمیش پلانی دوای هەڵبژاردن دەبێت".
سلێمان سۆیڵو باسی لەوەشکرد، پێش هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، لە سەرانسەری تورکیادا 280 رووداوی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان روویانداوە، ئەمە لەکاتێکدایە پێش هەڵبژاردنەکانی 2018 لە تەواوی تورکیا 311 رووداو روویانداوە. بەمەش بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، رووداوەکان کەمتر بوونەتەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، تورکیا ئەزموونێکی زۆری لە مێژووی هەڵبژاردندا هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا هەمیشە پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکردووە و گوتیشی، "لەگەڵ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەردەوام هاوئاهەنگیمان هەیە و بە گوێرەی رێنماییەکانیان پلانەکانمان داڕشتووە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، ئەمڕۆ 601 هەزار کارمەندی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و گوندپارێز لە ئەرکدان و ئەرکی ئەوانیش پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدانە؛ هاوکات 79 هێلیکۆپتەر 8 فڕۆکە لە ئەرکدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ