رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لە رووها دەنگی دا و رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان لە کەشێکی ئارام و دیموکراسییدا بەڕێوەدەچێت.
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا کە بەربژێری ئاکپارتییە لە بازنەی رووهای باکووری کوردستان بۆ بوون بە پەرلەمانتار، لە ناوەندێکی دەنگدان لە رووها دەنگی دا و دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
بەکر بۆزداغ هیوای خواست پرۆسەی دەنگدان تاوەکو کۆتایی بە ئارامی بەڕێوەبچێت و رایگەیاند، لە رووها پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی رێکوپێک و لە کەشێکی ئارام و دیموکراسییدا بەڕێوەدەچێت و گوتی، "هیوادارم ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە مایەی خێر".
وەزیری دادی تورکیا راشیگەیاند، گەلی تورکیا بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە لە رابردوودا جوانترین نموونەی دیموکراسییان پێشکێشکردووە و دڵنیاشە لەوەی ئەمڕۆ پرۆسەکە بەهەمان شێوە بەڕێوەدەچێت.
رووها 14 کورسی لە 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا هەیە و یەک ملیۆن و 219 هەزار و 445 کەس مافی ئەوەیان هەیە لەو پارێزگایەی باکووری کوردستاندا دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ