رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کێبڕکێیەکی تووند بۆ بوون بە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا دەکەن. هەردوو بەربژێریش تێڕوانینیان بۆ پرسەکانی تورکیا و ناوچەکە جیاوازە.
سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی
رەجەب تەییب ئەردۆغان لەسەر بنچینەی گشتپرسییەکی ساڵی 2017، سیستمی بەڕێوەبردنی لە تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی.
ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوکاتە سیستمەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە، چونکە پێی وایە کاروباری وڵات لەو رێگەیەوە باشتر رادەپەڕێندرێت.
هەرچی کەمال کڵچدارئۆغڵووە دەڵێت، دەبێت سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی بگەڕێتەوە، چونکە لەو باوەڕەدایە سیستمی سەرۆکایەتی، دەسەڵاتی تاک بەهێز دەکات و بڕیارەکان لە لایەن یەک کەسەوە دەدرێن.
کۆچبەرانی سووریایی لەنێوان گەڕانەوەی خۆویستانە و ناردنەوەیان
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 3.6 ملیۆن سووریایی لە باکووری کوردستان و تورکیادا دەژین. هەبوونی ئەو ژمارەیە جێگەی مشتومڕی بەشێکی سیاسەتمەدارانی تورکیا بووە، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا.
رەجەب تەییب ئەردۆغان دەڵێت، پێویست ناکات گوشار لەسەر کۆچبەر و پەناخوازانی سووریایی دروستبکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام پشتگیری لە گەڕانەوەی خۆویستانەشیان دەکات، بەتایبەتی ئەگەر دۆخی ئەو وڵاتە باشتر بێت.
هەرچی کڵچدارئۆغڵووە بۆچوونێکی دیکەی هەیە و دەڵێت، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا کۆچبەرانی سووریایی ناچاردەکات لە ماوەی دوو ساڵدا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا
لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتیشدا دوو رکابەرەکە بەڵێنی جیاوازیان داوە.
ئەردۆغان پێی وایە ئەو سیاسەتەی حکومەتی وڵاتەکەی پەیڕەوی دەکات، وایکردووە تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێز بێت. سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، کار دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەهێزتر بن.
لە بەرامبەردا کڵچدارئۆغڵوو لەگەڵ خۆبەدوورگرتندایە لە کێشەی وڵاتانی دراوسێی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە.
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی میللەت باس لەوەش دەکات، گرنگی بە بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەدات و کاریش دەکات بۆئەوەی تورکیا پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ رووسیادا هەبێت.
ئابووریی تورکیا
ئابووریی تورکیا بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەڵاوسان تێیدا بەرزبووەتەوە و، بەشێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش سەرنجی لەسەر ئەوە بوو.
ئەردۆغان بەڵێنی داوە هەڵاوسان کەمبکاتەوە، کاربکات بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی سەر تورکیا و بەشێوەی سەرەکیش بۆ مامەڵەکردن پشت بە لیرە ببەستێت. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، داهاتی تاکەکەس بەرزدەکاتەوە و پاڵپشتی دارایی گەنجان دەکات.
بەڵێنەکانی کڵچدارئۆغڵو لە بواری ئابووریشدا لە بەڵێنەکانی ئەردۆغان جیاوازن. ئەو دەڵێ، لە رێگەی پێدانی مووچە بە خێزانە کەمدەرامەتەکان و دابینکردنی هەلی کار، کار بۆ نەهێشتنی هەژاری دەکات. کڵچدارئۆغڵو دەشڵێت، زیادکردنی مووچەی خانەنشینان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە بەرنامەی کارەکانیدا دەبێت.
لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستاندا 60 ملیۆن و 697 هەزار و 845 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ بۆ دەنگدانیان 191 هەزار و 884 سندووق دانراون؛ 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسییان لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ