رای دانیشتووانی ئەنقەرە لەبارەی کێبڕکێی نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵوو

14-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
کێبڕکێی هەڵبژاردن گەرمە و راپرسییەکان ئەوە نیشاندەدەن؛ دوو رکابەرە سەرەکییەکە لێکدی نزیکن
کێبڕکێی هەڵبژاردن گەرمە و راپرسییەکان ئەوە نیشاندەدەن؛ دوو رکابەرە سەرەکییەکە لێکدی نزیکن
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا رەجەب تەییب ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵ، لەبەردەم گەورەترین ئاڵنگاریدایە لەماوەی 20 ساڵی حوکمڕانیی پارتەکەیدا.
 
کەمال کڵچکدارۆغڵوو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی دامەزراو لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورک، سەرکردایەتیی هاوپەیمانەتیێکی شەش پارتی دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات؛ ئابووری تورکیا دەبووژێنێتەوە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی کەمدەکاتەوە کە ئەردۆغان لە 2017ـدا لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوور دەستکاریی کردوون، پەنابەرانی سووریایی دەگەڕێنێتەوە و هەزاران کەس لە زیندانەکان ئازاد دەکات کە لەدوای کودەتاکەی 2016 بەتۆمەتی جیاواز زیندانیکراون.
 
محەممەد جانکورناز، لایەنگەری کڵچدارۆغڵووە و دەڵێ "پارتێکمان هەیە کە 20 ساڵە لەدەسەڵاتە، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئابڕووچوونە. بۆیە دەمانەوێ جەهەپە بێتە سەر دەسەڵات، کرێکار و گەنجانیش ئەمەیان دەوێت، چونکە ساڵانێکە هیچیان بۆ نەکراوە".
 
کێبڕکێی هەڵبژاردن گەرمە و راپرسییەکان ئەوە نیشاندەدەن؛ دوو رکابەرە سەرەکییەکە لێکدی نزیکن. لایەنگرانی ئاکپارتی ئەمڕۆ لەبەردەم سندووقەکان، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان دەبنەوە. 
 
نەڤین تۆی، لایەنگری ئەردۆغانە و باسی ئەوە دەکات "پێویستە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین، باوەڕناکەم سندووقی شەش لایەنەکە یاخود بەڕێز کڵچدارۆغڵوو پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی وڵات بکات. بەڵێنەکانی پێکدێن لە دەیفرۆشین، دەیسووتێنین و تێکی دەدەین. من ناتوانم ئەوەیان رادەستبکەم کە خەڵکێکی زۆر بەیەکەوە بەدەستیان هێناوە".
 
ئەمڕۆ هاووڵاتییان لە تورکیا و باکووری کوردستان سەرۆکێک و نوێنەرانیان لە پەرلەمان بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵدەبژێرن، کە ئەردۆغان گرەوی پاراستنی دەسەڵاتی ئیسلامیی لەسەری کردووە و کڵچدارۆغڵووش گۆڕانی ریشەیی.
 
بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی، پێویستە بەربژێر زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکان بباتەوە، ئەگەر دوو بەربژێرە سەرەکییەکە ئەم بەربەستە نەشکێنن، لە 28ـی ئایاری ئەمساڵدا لە خولی دووەمدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە