رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تویتەر دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە هەندێ لە خزمەتگوزارییەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا سنووردار دەکات، بەتایبەتی لە هەندێک لەو پۆستانەی دەکرێن. ئیلۆن مەسکی خاوەنی تویتەریش بەرگری لەو بڕیارەی کۆمپانیاکەی دەکات و دەڵێت، تویتەر ئەو هەنگاوەی نا تاوەکو پلاتفۆرمەکە لە هەڵبژاردنەکەدا بە بێلایەنی بمێنێتەوە.
بەشی کاروباری حکومی لە کۆمپانیای تویتەر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بۆ دڵنیابوون لەوەی تویتەر بۆ هەموو خەڵکی لە تورکیا بەردەست بێت، بڕیارمان داوە لە تورکیا خزمەتگوزاری هەندێک نێوەڕۆکی پۆستەکان سنووردار بکەین".
هەندێ لە بەکارهێنەرانی تویتەر رەخنەیان لەو هەنگاوەی تویتەر گرت و رایانگەیاند، دژی ئازادی رادەربڕینە، بەڵام ئیلۆن مەسک بەرگری لە هەنگاوەکە کرد و ئەو پرسیارەی کرد "خەڵک دەیەوێت تویتەر بە تەواوی قەدەخە بکرێت، یان دەستگەیشتن بە هەندێ پۆست سنووردار بکرێت؟".
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەکارهێنەرێکی یەکجار زۆری تویتەری هەیە.
یەکەمین وڵات لە رووی ژمارەی بەکارهێنانی تویتەرەوە ئەمریکایە، کە نزیکەی 95 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە؛ ژاپۆن و هیندستان و بەرازیل بەدوای یەکدا لە ریزبەندی دووەم و سێیەم و چوارەم دێن. ئیندۆنیزیا لە پلەی پێنجەم و بەریتانیاش لە پلەی شەشەمدایە.
هەرچی تورکیایە بە هەبوونی 18 ملیۆن و 600 هەزار بەکارهێنەری تویتەر لە ریزی حەوتەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە زۆرترین بەکارهێنەری تویتەری هەیە.
کاژێر 08:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 14-5-2023 هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ پڕکردنەوەی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان هەیە؛ 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش لە نێو هاوپەیمانییەکاندا لە رکابەریدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ