ئەردۆغان: ئێمە لە پێشەوەین، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی فەرمی دەکەین

15-05-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری سەرۆککۆمار لە هاوپەیمانیی جمهوور گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، بە جیاوازیی 2.6 ملیۆن دەنگ لە پێشەوەی رکابەرەکەیدایە، کە مەبەستی کەمال کڵچدارئۆغڵو بوو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە پێشەوەن، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی فەرمی دەکەن.
 
لە سەرەتای گوتارەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەنزەوە باسی لە کڵچدارئۆغڵو کرد و گوتی، "کەسانێک لە مەتبەخن و ئێمەش لە بالکۆنداین." راشیگەیاند، "هەرچەندە ئەنجامی فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر لە پێشەوەین، لە ناوخۆ و دەرەوە لە پێشەوەین. ئەمە جیاوازیی نێوان ئێمە و ئەوانە، بە درۆ بردنەوە و سەرکەوتنیان رادەگەیێنن، ئێمەش بە کردار سەرکەوتنمان رادەگەیێنین."
 
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا بە دوو ملیۆن و 600 هەزار دەنگ لە پێشەوەی نزیکترین رکابەرمم. دڵنیام بە ژماردن و جیاکردنەوەی تەواوی دەنگەکان، جیاوازییەکە هێشتا زیاتر دەبێت."
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "دۆزینەوەی پاساو هیچ لە راستییەکان ناگۆڕێت و چاوەڕێین لایەنی بەرامبەر دان بە ئەنجامەکەدا بنێت و رێزی لێبگرێت." ئەوەشی خستەڕوو، "چاوەڕێین 50+1%ی رێژەی دەنگەکان تێپەڕێنین و لەو باوەڕەدام بگەینە ئەم ئەنجامە، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە ئەم رێژەیەش، دەچینە گەڕی دووەم و ئامادەییمان هەیە بچینە گەڕی دووەم. بڕیاری گەل لەسەر سەرمان دادەنێین."
 
لە بەشی کۆتایی گوتارەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە یەکێک لە هۆکارەکانی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان کرد و رایگەیاند، "لەگەڵ تیرۆریستان شان بە شان هەنگاومان نەنا، لەگەڵ سەلۆی بکوژی برا کوردەکانمان نەبووین، لەگەڵ بکوژی منداڵان نەبووین و رێنوێنیمان لە قەندیل وەرنەگرت، بۆیە سەرکەوتووین. ئێمە تەنیا رێنوێنییەکانی خوای گەورە وەردەگرین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە