کڵچدارئۆغڵو بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان: ناچارن داتای راست و دروست بڵاوبکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری سەرۆککۆمار لە هاوپەیمانی میلـلەت هۆشداری بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەدات و رایدەگەیێنێت، ناچارن داتای راست و دروستی پەسندکراوی شارەکان تۆمار و بڵاوبکەنەوە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکاندا نوسیوویەتی: "بڵاوکردنەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان، بەتەڵەکەبازییەوە دەستیپێکرد. سەرەتا رێژەی دەنگەکان لە 60٪ـەوە بڵاوکرایەوە و دواتر کەوتە ژێر رێژەی 50٪ و بەردەوام لە داکشاندایە".
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتەکەیدا داوایەک ئاراستەی چاودێری سەر سندووقەکانی جەهەپە و هاوپەیمانی میلـلەت دەکات و نوسیوویەتی: "بەهیچ شێوەیەک بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان چۆڵ نەکەن، پاسەوانی لە هەموو دەنگێک بکەن. گەلەکەمان ئەمشەو ناخەوین".
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی بەربژێری سەرۆککۆمار لە هاوپەیمانی میلـلەت هاتووە: "دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هۆشداریت پێدەدەم، ناچارن داتای راست و دروستی پەسندکراوی شارەکان تۆمار و بڵاوبکەنەوە".