رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت، "پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان بە شێوەیەکی شەفاف بەردەوامە و جارێکی دیکە هێزی دیموکراسی خۆمان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خەباتی دیموکراسیمان بۆ هەموو جیهان پیشاندا".
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی یەکشەممە، 14-5-2023 و دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە 60٪ی دەنگەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و 41٪ی دەنگەکانی پەرلەمانی وڵات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بە بەشدارییەکی زۆری خەڵک و لە کەشێكی ئارام و پارێزراودا پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەچوو.
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش رکابەرەکەیەتی کە کەمال کڵچدارئۆغلویە.
عومەر چەلیک رەخنەی لە گوتەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە گرت کە نزیکەی کاژێرێك پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت لەپێشە.
گوتەبێژەکەی ئاکپارتی گوتی، "لە کاتێکدا هێشتا ئەنجامەکان یەکلایی نەبوونەتەوە، گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی دژبەرمان، سەرۆک شارەوانییەکان بەپەلە لە تەلەفزیۆن دەرکەوتن".
بە گوێرەی %77ی دەنگی جیاکراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان %50.68ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغلوش %43.52ی دەنگەکانی بردوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ