سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ: کەمال کڵچدارئۆغلو دەبێتە سەرۆککۆماری تورکیا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ پێشبینی دەکات کەمال کڵچدار ئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت ببێتە سەرۆککۆماری تورکیا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14-5-2023 و دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ کە کەسایەتییەکی دیاری نێو پارتی گەلی کۆماری- جەهەپەیە رایگەیاند، "بە گوێرەی ژمارەی دەنگەکانی ئێستا کە لە ژێر دەستماندایە، زۆر بە ئاسانی دەتوانم ئەوە رابگەیێنم کە ئەمشەو بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی 13یەمین سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی دەبێتە سەرۆککۆماری وڵات". 
 
ئەم گوتەیەی ئیمامئۆغلو لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا 52٪ی دەنگەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا جیاکراونەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان 51.9٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە؛ کەمال کڵچدارئۆغلو 42.1٪ی دەنگەکان و سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتاش 5.3٪ی دەنگەکانیان بردووەتەوە.