مەسعود تەک: 102 ئەندامی بنەماڵەی کڵچدارئۆغڵو لە کۆمەڵکوژیی دێرسم شەهیدبوون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە باکووری کوردستان دەڵێت؛ کڵچدارئۆغڵو کوردە و خۆشی دەزانێت 102 ئەندامی بنەماڵەکەی لە کۆمەڵکوژیی دێرسم شەهیدبوون، من بە باشی نازانم کە کوردبوونی خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لێی تێدەگەم بۆچی ئەمە دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023 مەسعود تەک، سەرۆکی پێشوو و ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان رایگەیاند: "کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانەکانی پرۆژەیەکیان پێشکێشکردووە لە 200 خاڵ پێکهاتووە و هەندێک لەو خاڵانە خزمەت بە دیموکراسی دەکات، بۆ نموونە بەڵێنیانداوە دەزگای دادوەری بێلایەن بێت و سیستمی هاوسەنگی و چاودێری دروستبکەنەوە کە لە سەردەمی ئەردۆغان ئەو سیستمە تێکچووبوو".
 
مەسعود تەک دووپاتیکردەوە، کە ئەو گۆڕانکارییانە بەس نییە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت، بەڵکو رێگە خۆشدەکەن بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد، بەگشتی ئەگەر سیستمی تورکیا دیموکراتی بێت، کاری کورد ئاسانتر دەبێت".
 
سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان پێیوایە؛ نزیکەی 75٪ی دەنگەکانی ئامەد بۆ کڵچدارئۆغڵو دەبێت و لەبارەی ترسی گەڕانەوەی بیری کەمالیزم  لە ئەگەری سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانیش دەڵیت، دڵی ترسنۆک سنگی گەورە نابینێت، سیاسەت بە ترس ناکرێت، راستە لەکاتی دەسەڵاتدارێتی جەهەپە کورد کۆمەڵکوژ کرا، بەڵام ئەوە 70 ساڵە ئەو حیزبە لە دەسەڵات نەماوە".
 
مەسعود تەک لەو باوەڕە دایە؛ کۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، ئەگەر کۆمەڵگە گۆڕا، بێگومان بیروباوەری سیاسیش دەگۆڕێت، جەهەپەش ناچاربوو بگۆڕێت، ئەگەر نەگۆڕابا، دەبوو بە گرووپێکی کەمالیست و تورکچی، بۆیە جەهەپە و بەتایبەتی کڵچدارئۆغڵو نەیانویست بەمشێوەیان لێبێت و ماوەی 10 ساڵە هەوڵدەدەن لە ناوەوە و دەرەوەی حیزبدا دیموکراسی بکەن بە بەها و جێگرەوەیەک بۆ ئەردۆغان دروستبکەن و سەرکەوتووش بووە.
 
لەبارەی ناسنامەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، ئەو سیاسەتڤانە کوردە بە هاوشاری خۆی دەزانێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ ئەو گوندەی کەمال کڵچدارئۆغڵو و باو و باپیرانی لێی لەدایکبوون کوردستانە و بۆخۆشی ئەوە دەزانێت کە لە کۆمەڵکوژی دەرسیم 102 کەسوکاری شەهیدبوون، هەرچەند ئێستا دەڵی من عەلەویم، جاران ئەوەشی نەدەگوت، لەوانەیە لە داهاتوودا بڵی عەلەویم و زازام.
 
سەبارەت بە هۆکاری شاردنەوەی ناسنامەکەی، مەسعود تەک گوتی؛ رەنگە ئەو هەندێک لیکدانەوەی سیاسیی بۆ کردبێت، من ئەو هەڵوێستەی ئەوم پێ باش نییە، بەڵام تێدەگەم بۆچی ناڵێ کوردم، تێگەیشتن بەو مانایە نا کە قبوڵمە، لەوانەیە وای لێکدابێتەوە ئەگەر بڵێ کوردم هەندێک کەس لێی زویربن و دەنگی پێ نەدەن.
 
سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان گوتیشی، کڵچدارئۆغڵو بڵێ کوردم یان نەیڵێ گرنگ نییە، ئەوە گرنگە بۆ کورد ناوەندێکی بەربڵاو لەسەر بنەمای هاوبەشی کورد پێکبهێنن و داوا بکەن ناسنامەی کورد لەنێو دەستووری تورکیادا قبووڵ بکرێت، زمانی کوردی ببێت بە یەک لە زمانە فەرمییەکان و داوای سەرجەم خواستەکانی پەیوەندیدار بە پرسی کورد بکەن.