ئەردۆغان بۆ ئەندام و لایەنگرانی: تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجام پارێزگاری لە سندووقەکان بکەن

14-05-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە باکووری کوردستان و تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەمان پۆست، تویتێکی کرد و رایگەیاند، "تا یەکلاییبوونەوەی ئەنجام پارێزگاری لە سندووقەکان بکەن."
 
ئەردۆغان لە بەشی یەکەمی تویتەکەیدا نووسیوتی: "هاوڕێبازانی خۆشەویستم... سوپاس بۆ خودا پرۆسەی دەنگدان لە تەواوی وڵاتماندا بە شێوەیەکی شایستە بە دیموکراسیمان بەرێوەچوو". ئەردۆغان راشیگەیاندووە کە لەمەودوا کاتی پارێزگاریکردنە لە سندووقەکانی دەنگدان و بە ئەندام و لایەنگرانیشی دەڵێت، "تا ئەو کاتەی ئەنجامەکان بە تەواوی یەکلایی دەبنەوە، بەردەوام بن لە پاراستنی ویستی گەلەکەمان!.."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-5-2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەچوو. سێ کەس بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمارن؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا. 
 
هاوپەیمانیی جمهوور هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، هوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاهـ پێکی دەهێنن؛ هاوپەیمانیی میلـلەت پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئایندە، دەڤا و پارتی دیموکرات پێکی دەهێنن. هاوپەیمانیی ئاتا لە پارتە نەتەوەپەرستەکانی وەک زافەر، دادپەروەری، نیشتمان و هاوپەیمان پێکدێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ پڕکردنەوەی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوو؛ 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان هەبوو؛ 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەبوو و 12 پارتەکەی دیکەش لە نێو هاوپەیمانییەکاندا لە رکابەریدا بوون. بەڵام رکابەرایەتییە تووندەکە لە نێوان هاوپەیمانیی جمهوور و هاوپەیمانیی میللەتدایە؛ چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی چەپی سەوز- یەسەپە کە هەدەپە کاریگەرترین هێزییەتی ژمارەیەکی بەرچاو دەنگ بەدەستبهێنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە