رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و کاژێر 05:00ـی ئەم ئێوارەیە سندووقەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا داخران.
چاوەڕێ دەکرێت کاژێر 09:00ـی ئەمشەو دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە رابگەیێنێت. سێ کەس بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمارن؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا.
دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "پرۆسەی دەنگدان لە قازانجی دیموکراسییەتی تورکیادا کۆتایی هات."
سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای داخرانی سندووقەکانی دەنگدان و دەستپێکردنی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە تویتێکدا گوتی، "پرۆسەی دەنگدان لە قازانجی دیموکراسییەکەماندا کۆتایی هات. سوپاس بۆ خودا. ئێستا، وەکو هەمیشە، کاتی ئەوەیە بە تووندی دەست بە سندووقی دەنگدانەوە بگرین."
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە "تاوەکو ئەنجامی کۆتایی دەردەچێت، بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئیرادەی گەلەکەمان."
هاوپەیمانیی جمهوور هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، هوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاهـ پێکی دەهێنن. هاوپەیمانیی میلـلەت پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئاییندە، دەڤا و پارتی دیموکرات پێکی دەهێنن. هاوپەیمانیی ئاتا لە پارتە نەتەوەپەرستەکانی وەک زافەر، دادپەروەری، نیشتمان و هاوپەیمان پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ