ناوەندی هەڵبژاردنی یەسەپە: پێشێلکاری زەقمان تۆمارکردووە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) دەڵێت، "چەندین پێشێلکاری زەقمان تۆمارکردووە و سەرجەم بەڵگەکانمان لەبەر دەستدان و سکاڵامان پێشکێش کردووە". 
 
محەممەد روشتو، رێکخەری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی یەسەپە ئەمڕۆ یەکشەممە 14-5-2023 لە بارەگای سەرەکیی یەسەپە لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەبارەی پێشهاتەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا رێکخست. 
 
لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بوو، محەممەد روشتو رایگەیاند، لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان نزیکەی دوو هەزار ئەندامی یەسەپە کە کەسانی بەساڵاچوو و نەخوێندەوار بوون، رێگەیان پێنەدراوە دەنگبدەن، بەهۆی ئەوەی ناویان بە چاودێری سەر سندووقەکان لەسەر لیستی پارتی وەتەن هاتبوو و پێشتریش لەلایەن نوێنەرانی ئەو پارتە پەسند کرابوو. 
 
محەممەد روشتو راشیگەیاند، "ئەو دەنگدەرانەی یەسەپە ئاگاداری ئەو فێڵە و پێشێلکارییە نەبوون و لەلایەن چاودێرانمانەوە ئاگادار کراینەوە. ئێمەش لیستی ناوەکانمان پێشکێشی لقی غازی عەنتاب دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد و سکاڵای یاساییمان دژی پارتی وەتەن تۆمارکرد و لە هەوڵداین کێشەکە بەزووترین کات چارەسەر بکەین". 
 
رێکخەری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی یەسەپە راشیگەیاند، "لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی سیڤەرەکی سەر بە پارێزگای رووها، ئەندامان و بەرپرسانی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لەو شارۆچکەیەدا گوشاریان خستووەتە سەر دەنگدەران بۆ ئەوەی بە ئاشکرا دەنگبدەن تاوەکو بزانن دەنگ بۆ کێ دەدەن؛ هەروەها بەشێکی دیکەشیان ناچار کردووە دەنگ بە بەربژێرانی خۆیان لە سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان بدەن. دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و سکاڵای یاساییشمان دژی ئەو کەسانە لە لیژنەی یاسایی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان تۆمارکردووە و بەدواداچوون بۆ ئەنجامی سکاڵاکەمان دەکەین". 
 
رێکخەری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی یەسەپە باسی لەوەشکرد، "زۆربەی پسووڵەکانی تایبەت بە بەربژێرانی سەرۆککۆمار لە پارێزگای گیرەسوون مۆریان لەسەر وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەبووە. بە هاوبەشی لەگەڵ چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان وێنەمان گرتوون و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و سکاڵای هاوبەشمان تۆمار کردووە"؛ گوتیشی، "لە گوندی کاهتا لە سەمسوور، برای سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی کە فەرماندەیەکی جەندرمەیە لەو گوندەدا لەبری خەڵک دەنگی داوە و بە ئاشکرا گوشاری خستووەتە سەر دەنگدەران". 
 
ئەو بەرپرسەی یەسەپە گوتیشی، بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەم پێشێلکارییانە دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکەیانن و بێ دەنگ نابن.