رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای دەنگدانی: هیوادارین دەنگدەرانمان هێزی دیموکراسیی تورکیا نیشانبدەن
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ دەنگی دا و دواتر رایگەیاند "هیوادارین لەدوای جیاکردنەوەی دەنگەکاندا پاشەڕۆژێکی بەخێر بۆ خەڵکەکەمان بەدیبێت و دەنگدەرانمان هێزی دیموکراسیی تورکیا نیشانبدەن".
بەشێکی گوتەکانی پەیامە کورتەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە دۆخی هەڵبژاردن لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و لەمبارەیەوە گوتی "دوای ئەوەی دەنگمان دا، ئەوەی پێویستە بگوترێت هیوادارم بۆ دیموکراسیەتی تورکیا ببێتە مایەی خێر. لە بەیانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی هەڵبژاردنەکان دەکەم. ئەو زانیارییانەی لە وەزیری ناوخۆ وەرمگرتوون ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بەبێ هیچ کێشەیەک بەردەوامە. زۆر بەبایەخەوە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەنگدان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەکەم، لەوێش هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشێکی تایبەتەوە چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان".
بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد "بەبێ دوو دڵی تا ئێوارە روو بکەنە ناوەندەکانی دەنگدان و دیموکراسییەتی تورکیا و بە بەشداریکردنیان بەهێزتر بکەن. هیوای سەرکەوتن بۆ سەرۆک و ئەندامان و لێپرسراوانی ناوەندەکانی دەنگدان و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەخوازم".
بایۆگرافیی رەجـــــەب تەیـــــب ئەردۆغـــــان:
- بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور
- لە ساڵی 1954 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە
- لە ساڵی 1981 بەکالۆریۆسی لە بەشی ئابووریی کۆلێژی زانستە کارگێڕی و ئابوورییەکانی زانکۆی مەرمەرە لە ئیستەنبووڵ بەدەستهێناوە
- لە ساڵی 1994 وەک بەربژێری پارتی رەفاهـ بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرا
- ساڵی 1997 بەهۆی خوێندنەوەی شیعرێک لە سێرت-ی باکووری کوردستان لە پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لادرا
- ساڵی 1999 چوار مانگ زیندانیکرا
- لە ساڵی 2001 پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دامەزراند
- ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکانی 2002 بەشداریکرد و 34.6٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و گەیشتە دەسەڵات
- ئاکپارتی 58ـەمین حکومەتی تورکیای بەسەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا گول پێکهێنا
- ساڵی 2003 هەڵبژاردن کرایەوە و ئەردۆغان بۆ یەکەمجار لەسەر بازنەی سێرت، بووە پەرلەمانتار
- لە 15ـی ئاداری 2003 بووە سەرۆکی 59ـیەمین حکومەتی تورکیا
- لە 2014 بۆ یەکەمجار سەرۆککۆمار بەدەنگی راستەوخۆی میللـەت هەڵبژێردرا و بووە 12ـیەمین سەرۆککۆماری تورکیا
- لە 2017 گشتپرسیی بۆ گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی کرد و بەڕێژەی 51.4٪ـی دەنگەکان پەسند کرا
- لە 2018 بۆ یەکەمجار بووە سەرۆککۆماری سیستمی سەرۆککۆماری و 52.38٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا
- لە 1978 لەگەڵ ئەمینە گولباران ژیانی هاوژینی پێکهێناوە
- باوکی دوو کوڕ و دوو کچە