رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەورۆزی ئەمساڵ رایگەیاندبوو ئارەزوو دەکەن 21ی ئادار ببێتە پشووی فەرمی، پەرلەمانتارێکی حیزبەکە پێشنیازەیاسایەکی لەمبارەیەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
سەرکان بایرام، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ دووشەممە 14-4-2025 لە پێشنیازەیاسایەکدا داوایکرد ساڵانە 21ی ئادار بکرێتە پشووی فەرمی و ئەمە لە لیستی پشووە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیادا تۆماربکرێت.
بایرام لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، داوایکردووە رۆژی نەورۆز بکرێتە پشووی فەرمی.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتی: "نەورۆز مانای برایەتی و ئاشتی دەدا. منیش وەکو پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ و وەکو باڵیۆزی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشنیازەیاسایەکم پێشکێشی پەرلەمان کرد، کە تێیدا داوامکردووە رۆژی نەورۆز بە فەرمی بکرێتە پشوو".
سەرکان بایرام بە گرنگی زانی ئەو رۆژە بکرێتە پشوو، بەتایبەتی کە ئێستا کەسێکی ئاشتەوایی لە وڵاتەکەدا هەیە. هاوکات داوای پشتیوانیی لە پارتەکانی دیکەی پەرلەمانی تورکیا کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 21-3-2025 لە ئیستەنبووڵ بەشداری لە رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز کرد و لە گوتارێکدا بە پێویستی زانی، رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێک بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بکرێتە پشووی فەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ