دۆخی تەندروستیی پەرلەمانتارەکەی هەدەپە باش نییە و لە ئەنقەرە چارەسەر وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لەبارەی دۆخی تەندروستیی مەراڵ دانش بێشتاش رایگەیاند، بڕبڕەی پشتی شکاوە و گوێزراوەتەوە بۆ ئەنقەرە.
شەوی رابردوو، 13ـی نیسانی 2023، مەراڵ دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری بازنەی سێرتی هەدەپە، بە یاوەریی تەلها کایا، ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە لە کاتی چوونی بۆ پارێزگای ئەرزەڕۆم بۆ بەشداریکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لەو پارێزگایەدا، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەدەپە ئەمڕۆ هەینی 14ـی نیسانی 2023، رایگەیاند، "دوای رووداوەکە دەستبەجێ مەراڵ دانش بێشتاش، محەممەد وەفای شوفێرەکەی و تەلها کایا، ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە، رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی پارێزگاکە کران و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا. ئێمەش لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ و بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بەدواداچوونی وردمان بۆ تەندروستییان کرد و بەپێی بەڵگەنامە پێویستەکانی پشکنین، بۆمان دەرکەوت زیانی زۆر گەورە بە ئەندامەکانی جەستە و مێشکی مەراڵ دانش نەکەوتووە، بەڵام بەداخەوە چەند شوێنێکی بڕبڕەی پشتی شکاوە و ئەمەش وایکردووە دۆخی تەندروستیی باش نەبێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەدەپە، دوای راوێژکردن بە پزیشکانی پسپۆڕ، پەرلەمانتارەکەیان گواستووەتەوە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە ئەنقەرە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی چارەسەریی پزیشکی.
هەر ئەمڕۆ لە هەژماری تایبەتی تویتەری مەراڵ دانش بێشتاش بڵاوکرایەوە کە لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە ئەنقەرە بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەری تایبەتی بۆ کراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و بە هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.