مانگێکی دەستکردی تورکیا لە ئەمریکاوە هەڵدەدریتە بۆشایی ئاسمان

14-04-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مانگی دەستگردی IMECE کە بە "یەکەم مانگی دەستکردی وێنەگرتنی وردی ناوخۆیی و نیشتمانیی تورکیا" پێناسە کراوە، ئەمڕۆ لە ئەمریکا هەڵدەدرێتە بۆشایی ئاسمان.
 
دوای دوو جار دواخستن، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 14ـی نیسانی 2023 کاژێر 09:48 خولەک بە کاتی ئەنقەرە، مانگی دەستکردی IMECE لە بنکەی ڤاندنبێرگ لە ئەمریکاوە هەڵبدرێت.
 
بەو بۆنەیەوە لە شاری ئەنقەرە بە ئامادەبوونی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری و مستەفا ڤارانک وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و چەند بەرپرسێکی دیکەی تورکیا لە وێستگەی بەدواداچوونی بۆشایی ئاسمان رێوڕەسمێک سازدەدرێت. 
 
ئەو مانگ دەستکردەی تورکیا لە خولگەیەکی هاوکات لەگەڵ خۆردا و لە بەرزی 680 کیلۆمەتر جێگیر دەبێت. لە ماوەی تەمەنی ئەرکی دیزاینەکەیدا کە 5 ساڵە، لە زۆر بواردا وەک ناسینەوەی ئامانج، دیاریکردن، کارەساتی سرووشتی و بەکارهێنانی کشتوکاڵی خزمەت بە تورکیا دەکات. ئەم مانگە دەستکردە دەتوانێت وێنە لە هەر شوێنێکی جیهان وەربگرێت.
 
مانگی دەستکردی IMECE کە لە حوزەیرانی 2022 بە سەرکەوتوویی لە تاقیکردنەوەکانی گونجاوی بۆشایی گەرمی، لەرزین، دەنگی و کارۆموگناتیسی دەرچووە، لە مانگی شوباتدا رەوانەی ئەمریکا کرا، بۆ ئەوەی لەوێوە هەڵبدرێتە بۆشایی ئاسمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە