هاکان فیدان: چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتی سووریا ئەوەیە مافی کورد بدات

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پێویستە حکومەتی نوێی سووریا مافی کورد بدات؛ لەبارەی رێککەوتنەکەی حکومەتی کاتیی سووریا و هەسەدەش دەڵێت، "پشت بەخودا بەبێ ئەوەی زیاتر خوێن بڕژێت، ژیان لە چوارچێوەی سازان ئاسایی دەکاتەوە."
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمشەو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، لە سەردەمی ئەسەددا مافی کورد نەدەدرا. لەبارەی دۆخی ئێستای سووریاشەوە رایگەیاند، "چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتی سووریا ئەوەیە، هەموو مافەکانی کورد بدات؛ بەڵام پێویستە ئەو پێکهاتەیەی تیرۆریش کە لەوێ هەیە، نەهێڵدرێت و هێزی چەکدار، هەموو تواناکانی (هێزی سەربازی، چەک) رادەستی دەوڵەت بکات."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لە پاراستنی ئاسایشی سووریا کردەوە و گوتی، "پێویستە ئیدی کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، سوننە و نوسەیری هەموو دانیشتووان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن."
 
رۆژی 13ی ئاداری 2025 شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان و ئەندامێتیی هەریەکە لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی وڵاتەکە، بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبوونەوە.
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە سێ کاژێری خایاندووە و پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکراون.
 
لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە، فیدان گوتی، لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسیان لە رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هەسەدە کردووە؛ گوتیشی، "گوتمان ئەگەر ریککەوتنێکی نیازپاکانە هەیە، با بکرێت. بەڵام لە ئەگەری بۆمبی دانراو و دروستبوونی کێشە، ئێمە وەک تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دەکەین."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "پشت بە خودا بەبێ ئەوەی زیاتر خوین بڕژێت، ژیان لە چوارچێوەی سازان ئاسایی دەبێتەوە و تیرۆر کۆتایی دێت؛ هەروەها هاووڵاتییە عەرەبەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە رزگاریان دەبێت؛ هەمووان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؛ کوردەکان بۆ گوندەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە؛ عەرەبەکان بۆ گوندی خۆیان دەگەڕێنەوە؛ تورکمانەکانیش بە هەمان شێوە."
 
لەبارەی ئەوەی، ئایا رێککەوتنەکەی حکومەتی کاتیی سووریا و هەسەدە، باس لە دامەزراندنی ئۆتۆنۆمییەک لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، فیدان پێیوایە، حکومەتی سووریا ئۆتۆنۆمی بە هیچ لایەنێک نادات.
 
لەبارەی بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ''گەورەترین کێشەی بوونی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئێمە، ئەو هاوئاهەنگییەیە کە لەگەڵ پەکەکە/یەپەگەدا هەیەتی و ئەو پاڵپشتییەیە بۆیان دابین دەکات. ئایا ئەم پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت یان نا، ئەمە بابەتی ئێمەیە و لەم روانگەیەوە سەیری بابەتەکە دەکەین، چونکە ئەم جۆرە پاڵپشتییە، هیوای ساختە بە پەکەکە/یەپەگە دەدات. وایان لێدەکات، خەیاڵی بێهوودە لەبارەی ئاییندەوە بکەن. لە کاتێکدا ئەگەری ژیانێکی راستبینتر و ئەرێنیتر هەیە. هیوادارم ئەمریکا لەمبارەیەوە کارە راستەکە بکات''.
 
لەبارەی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کورستان (پەکەکە)، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "پێویستە گوێ لەو بانگەوازە بگیرێت. پێویستە رێکخراوەکە ئەمە وەکو زەوینەیەک ببینێت و دەست بە پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە بکات."
 
لە ئەگەری دانەنانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، فیدان دەڵێت، "ساڵانێکە چیمان کردووە، بەردەوام دەبین؛ زیاتر لە جاران دیموکراسیمان بەرەوپێشەوە دەبەین، بە هەموو هێزی لەنێوبەرمانەوە لە شەڕی دووژمنانی وڵات بەردەوام دەبین. بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادەین."