تورکیا 5 گومانلێکراو بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی گشتیی تورکیادا، 5 گومانلێکراو بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەستگیر کران.
ئەمڕۆ هەینی 14ی ئاداری 2025 میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی ئیستەنبووڵ، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان تیمی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەر بە ئاسایشی گشتیی تورکیا، ئەنجامدرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لە ئیستەنبووڵ بوو؛ لە هەردوو پارێزگای مەرسین و ئەنتاڵیاش بەڕێوەچوو و تێیدا 5 گومانلێکراو بە تۆمەتەکانی "سیخوڕیی سەربازی و سیاسی" دەستگیر کران.
وەکو میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، بەپێی زانیارییەکانی میت، دەرکەوتووە 5 گومانلێکراوەکە پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی پاسدارانی ئێران هەبووە، زانیارییان لەبارەی بنکە سەربازییەکان، ناوچە هەستیارەکانی تورکیا و خاڵە گرنگەکانی دەرەوەی وڵات گواستووەتەوە بۆ هەواڵگریی ئێران، هەربۆیە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیر کراون.
گومانلێکراوەکان دوای ئۆپەراسیۆنەکە، رادەستی تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەتی میت کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستی پێکردووە.