سەڵاحەدین دەمیرتاش: گرنگە تورکیا مافەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا جێبەجێ بکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە پەیامێکدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، دەبێت حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا مەفەکانی کورد لە تورکیا دابین بکات. لەبارەی ئەگەری بەستنی کۆنگرەی پەکەکەش دەڵێت، "ئۆجەلان ناچێتە قەندیل و پەیامێکیان بۆ دەنێرێت."
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەیامێکی بۆ میدیایەکی تورکیا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی، "ئەگەرچی لە گرتووخانەش بین و توانا و هەلومەرجمان سنووردار بێت، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان، هەوڵدانە لەپێناو ئاشتی."
 
لەبارەی رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە، دەمیرتاش دەڵێت، "ئۆجەلان و باخچەلی کاتێک بوێرییەکی وەها نیشاندەدەن، لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی گەورەش سڵ ناکەنەوە. سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش پشتیوانی لەم ویستە دەکات و ئەوەی لەدەستی بێت بۆ پێشڕەوێتیکردن لە چارەسەر دەیکات. ئۆزەلیش کە سەرۆکی پارتی دامەزرێنەری کۆمار، جەهەپەیە، لە هەموو قسەکانیدا هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە بەشێک لە چارەسەر."
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت تورکیا دان بە زمان، کولتوور و ناسنامەی کورددا بنێت و لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا دڵنیاییان پێبدات. باس لەوەش دەکات، "دەبێت دەوڵەت (تورکیا) ئیدی واز لە بیری تاکڕۆیی بهێنێت و دەرگاکانی بەڕووی کورددا بکاتەوە."
 
لە پەیامەکەیدا دەمیرتاش جەختی کردووەتەوە، لە پرۆسەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کوردی سووریا، عێراق و ئێرانیش دەبێت و دەڵێت، "ئیدی هیچ کوردێک، بۆ ئەو دەوڵەتەی لێی دەژی و بۆ تورکیاش نابێتە دژ، دووژمن و هەڕەشە. دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزی وەکو تورکیا، دەبێتە دەوڵەتی هەموو کورد. دەوڵەتی کۆماری تورکیا هی هەموومانە، واتە بەدیموکراسیکردنی تورکیاش ئەرکی هەموومانە."
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوتی، لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا هیچ مەرجێک لە بەرامبەر چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نییە، تەنیا هەندێک پێویستی هەن، "واتە ئارد، رۆن و شەکر هەن، بەڵام بۆ دروستکردنی حەڵوا، پێویستمان بە مەنجەڵ، کەوچک و ئاگرە. ئەمانە مەرجەکانی دروستکردنی حەڵوا نین، پێویستییەکانن. بۆیە دەبێت روون بکرێتەوە، ئایا چەکەکان چۆن و لە کوێ دادەندرێن؟ ئایا ئەوانەی چەک دادەنێن، دۆخی سیاسی و یاساییان چی بەسەردێت؟ بۆیە دەبێت هەنگاوی سیاسی و یاسایی لەمبارەیەوە بنرێت."
 
لەبارەی بەشداریکردنی ئۆجەلان لە ئەگەری بەستنی کۆنگرەی پەکەکە، دەمیرتاش نووسیویەتی، "تەنانەت ئەگەر ئێوەش پێی بڵێن: بەشدار بە. ئۆجەلان لەم دۆخەدا ناچێتە قەندیل، بەڵکو لە رێگەی ئەو ئامرازە تەکنیکییە پەیوەندییانەی لەم سەردەمەدا هەن، پەیامێک بۆ کۆنگرەی پەکەکە دەنێرێت. بەڵام لە کاتێکی وەهادا، دەبێت ئەو سنووردارکردنەی لە سەردانی شاند و پارێزەران بۆ ئیمراڵی هەن، هەڵبگیرێن."
 
دەمیرتاش دەڵێت، لەپشت ئەم پرۆسە چارەسەرییەی لە تورکیا دەستیپێکردووە، هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی وەک هەموارکردنەوەی دەستوور و هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردن نییە؛ لەبارەی دەم پارتیش گوتی، "پارتێک نییە سازش لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان بکات."
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری تورکیا دابەش نابێت، پێشیوایە، "بەپێچەوانەوە، ئەگەری تورکیایەک دێتەئاراوە کە دیموکراسی، ئابووری و سەقامگرییەکەی فراوانتر دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە