هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی زیاتر بنێت

14-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت.
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی هەینی، 14ی ئاداری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، نابێت بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک داواکارییەکانی گەلی کورد بخوێندرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشكرد: ''ئەم بانگەوازە، گۆڕان و وەچەرخانی کۆمەڵگەییە''.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی: ''داوای کردووە پرسی کورد لە تووندوتیژی و شەڕوپێکدادان پاکبکرێتەوە و لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دیموکراسیدا دەرگە بەڕووی چارەسەرکردنیدا بکرێتەوە''.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی تورکیا جگە لە هەندێک پەیامی نیازپاکی، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە و گوتی: ''ئەگەر بڕیار بێت رێگە بۆ بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان خۆشبکرێت، هەنگاوی کرداری دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ئاکپارتی، چونکە ئەوان لە پێگەی جێبەجێکردندان''.
 
هەر لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: ''با خاوەندارێتی لەو بانگەوازە بکەین کە ئامانجی بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگەیە. ئەو بانگەوازە، رێگەچارەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ؛ هاوکات ساڕێژکردنی ئەو برینە خوێناوییەی شەڕوپێکدادانە کە لە جوگرافیاکەماندا هەیە''.
 
شاندی دەم پارتیی ئیمرالی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە