لە تورکیا فڕۆکەیەکی مەشقی سەربازیی کەوتەخوارەوە

14-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگایەکی تورکیا، فڕۆکەیەکی مەشقی سەربازیی کەوتە خوارەوە، فڕۆکەوانەکە رزگاری بوو، بەڵام کەسێکی دیکە کوژرا. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سێیەمین بنکەی ئاسمانی تورکیا لە پارێزگای کۆنیا، فڕۆکەیەکی مەشقی سەربازیی دوای ماوەیەک لە فڕینی کەوتەخوارەوە.
 
فڕۆکەوانەکە بە پەرەشووت خۆی هەڵدا و رزگاری بوو، بەڵام لە کاتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا، کارمەندێکی بنکە سەربازییەکە کوژرا. 
 
وەحدەدەین ئۆزکان، پارێزگاری کۆنیا، لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە رایگەیاند، "کاژێر 12:51 خولەکی ئەمڕۆ، فڕۆکەی NF-5ی سەر بە هێزەکانی ئاسمانی کەوتە ناوچەیەکی بیناسازی لە ناو بنکە ئاسمانییەکەدا. فڕۆکەوانەکەمان خۆی هەڵداوە و رزگاری بووە. بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکی سەر ئامێری کارکردن لە ناوچەکە کوژرا. لێکۆڵینەوە لە کارە تەکنیکییەکان لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکە دەستپێکردووە و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە فڕۆکەوانەکە لە مەودایەکی نزیک لەسەر ئاستی زەوی خۆی هەڵداوە و رزگاری بووە، بەڵام بە سەختی برینداربووە و لە نەخۆشخانەی گشتیی کۆنیا چارەسەر دەکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە