رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، حەوت دۆسیەی تاوان لە دژی پێنج پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاڕاستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ حەوت دۆسیەی تاوان لە دژی هەریەکە لە سری سورەییا ئۆندەر، سالیحە ئایدەنیز، بورجوگول چوبوک، تونجەر باکرهان و کێزبان کۆنوکجو، تۆمارکراوە.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28ـەمین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 752 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 522یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراوە.
هەر لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا، لە کۆی 522 دۆسیەی تاوان 99 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراوە.
هەروەها رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا - تیپ سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاڕاستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان.
دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی وڵاتەکە، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.
لەو ژمارەیە، 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و مووسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ