براوەی ئیستەنبووڵ، براوەی تورکیایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە تەمەنی لاویدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ یاریزانێکی سەرنەکەوتووی تۆپی پێ بوو، بەڵام دواتر بووە یاریزانێکی سەرکەوتووی گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا. لەهەمان شار، لە ناوچەی بەیلووکدزوو، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووش لەفە فرۆش بووە. کاتێک ئەردۆغان ساڵی 1994 دەبێتە سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ، رۆژێک بە رێککەوت، دەچێتە لای دووکاندارێک، لەفەیەکی شفتە دەخوات و ماستاوێک فڕ دەکات و دەڕوات.
 
ساڵ دێت و دەڕوات، ئەردۆغان دەبێتە سەرۆککۆمار و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووی لەفە فرۆشیش، دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ. رۆژێک ئەردۆغان بانگهێشتی ئیمام ئۆغڵوو دەکات بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار. لەدوای کۆبوونەوە، لەبەردەم چاوی میدیا، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بە ئەردۆغان دەڵێت، "کاتی خۆی هاتوویە دووکانەکەم، لەفە و ماستاوت خوارد و پارەکەت نەدامێ". 
 
ئەو چیرۆکەم بۆیە باسکرد، تا بزانن ئەردۆغانی ریزەیی و ئیمام ئۆغڵووی ترابزۆنی، لەمێژە بەریەککەوتنیان هەیە. ئەوان خەڵکی  دەریای رەشن و لەسەر ئیستەنبووڵ ململانێیانە. چونکە بۆ هەردوو لایان، بردنەوەی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، واتا دیاریکردنی نەخشە رێگەی سیاسیی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028ی تورکیا.
 
بە رواڵەت هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ لەنێوان موراد کووڕمی بەربژێری ئاکپارتی و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووی بەربژێری جەهەپە بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە راستیدا، هەڵبژاردنەکە لە نێوان سەرۆککۆمار و سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵە، چونکە لە ئەگەری دەرچوونی هەر یەکێکیان، لە ئێستاوە هەڵبژاردنی 2028 بۆ ئەو جیاواز و یەکلاییکەرەوە دەبێت.
 
بەرەی ئاکپارتی
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرباری ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو گوتی "ئەوە دواین هەڵبژاردنی منە" چونکە دواین خولی سەرۆکایەتییەتی و لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە، بەڵام ئامانجی لەم قسەیەی ماڵئاوایی نەبوو، بەڵکو راکێشانی هەست و سۆزی دەنگدەرانی بوو، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئیستەنبووڵ بۆ پارتەکەی دەستەبەر بکات. وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت، زەمینەسازییەک بکات بۆ گۆڕینی دەستوور، یان چوونە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی سەرۆککۆمار.
 
دوای پەیامەکەی ئەردۆغان، ئاکپارتی کەوتە جووڵە. بەر لە هەموویان بەکربۆزداغ، وەزیری پێشووی داد ئەوەی هێنایە زمان "گەر بەر لە ساڵی 2028 بچینە ناو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکاتەوە، چونکە ماوەی سەرۆکایەتی خولی دووەمی تەواو نەبووە".
 
یانی هەر لە ئێستاوە، ئاکپارتی بەرگی خولی سێیەمی سەرۆکایەتی کۆماریان بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادە کردووە. ئەوە ماوە لە دوای ئەو هەڵبژاردنە لەبەری بکات.
 
لە بەرەی ئاکپارتی، لای موراد کوڕووم، نە بایە نە باران. ئەو پێشتر وەزیری ژینگە و شارسازیی بوو. بەڵام لەسەر داوای ئەردۆغان خۆی بەربژێر کردووە، بۆیە بە هەرگیز رکابەرەکەی چاوی لە ئیستەنبووڵ نییە. ئەمە وایکردووە، هەم لاواز دەرکەوێت، هەمیش بانگەشەی هەڵبژاردنی زۆر سارد و سڕ و پڕ هەڵە تێپەڕێت. بە شێوەیەک، ناتوانێت بەسەر بەرنامەی بانگەشەکانی دا زاڵ بێت و هەر رۆژە و کورتە ڤیدیۆییەکی دەکەوێتە تیک تۆک و سۆشیاڵ میدیاوە.
 
لە کاتێکدا ئەردۆغان ئاوا مکوڕە بۆ بردنەوەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ، ئاست و توانا و ویستی بەربژێرەکەی، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیدا نییە. بۆیە خۆی هاتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ و بە فەرمانێکیش، سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیرە کۆن و نوێیەکانی راسپاردووە، دەنگ بۆ موڕاد کووروم کۆبکەنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.
 
بەرەی جەهەپە
 
لەو بەرەیە، هاوکێشەکان پێچەوانەن. چونکە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووی بەربژێری جەهەپە، بە هەموو توانای خۆی، شەو و رۆژ کار دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو هەڵبژاردنە بباتەوە. بۆ ئەمەش هەموو شتێک دەکات.
 
جەهەپە بە گشتی و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بە تایبەتی، لەگەڵ ئەوەی بە رواڵەت بە تەنیاش بن و هیچ پارتێک هاوپەیمانیان نەبێت، بەڵام گومانی تێدا نییە، چەند پارتێکی ئۆپۆزسیۆن بە ناڕاستەوخۆ و دەنگدەرانی دەم پارتی و ئیی پارتی و دەڤاش دەنگ بە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو دەدەن.
 
ئەنجامی 10 راپرسیی جیاواز دەریانخستووە، ئیمام ئۆغڵو بە رێژەی 0.6٪ لە پێش رکابەرەکەیەتی. لە کاتێکدا رێژەی دەنگی جەهەپە بە تەنیا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2023 لە ئیستەنبووڵ 28.33% بووە و دەنگی ئاکپارتیش بە تەنیا 36.06%. ئەگەر جەهەپە بە تەنیا بێت، چۆن دەنگی بەربژێرەکەی لەپێش دەنگی بەربژێری ئاکەپە دەبێت؟
 
ئیمام ئۆغڵو لە دوای شکستی جەهەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ساڵی 2023، بە کەمال کڵچدار ئۆغڵوی سەرۆکی ئەوسای جەهەپەی گوتبوو "نامەوێت هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی تورکیا بدۆڕێنم". بۆیە دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت، ئەو هەڵبژاردنە بباتەوە.
 
بردنەوەی ئیمام ئۆغڵو، واتا گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی بە ئاسمانی ئەنقەرەوە، ئەو شارە بۆ ئیمام ئۆغڵو، واتا سەرۆکایەتی جەهەپە و کۆشکی کۆماریی تورکیا. بۆیە بێ هیچ گومانێک، گەر ئیمام ئۆغڵو بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ، بە دڵنیاییەوە دەبێتە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە ساڵی 2028.
 
سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، تەنیا خەون و پلانی کاری سیاسی ئەردۆغان ئاڵۆز ناکات، بەڵکو دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئۆزگوور ئۆزاڵی سەرۆکی ئێستای جەهەپەش. چونکە سەرکەوتنی ئەو لەو هەڵبژاردنە، واتا بەهێزبوونی پێگەی ئەو لەناو پارتەکەشی.
 
ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئۆزگوور ئۆزاڵە وەک سەرۆکی جەهەپە، بۆیە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. چونکە هەم دەبێت پارێزگاری لەو شارانە بکات کە لە هەڵبژاردنی رابردوو، پارتەکەی بە دەنگی هاوپەیمانەکانی بەدەستی هێنابوو، هەمیش ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوش هەنگاوی بەسەردا نەنێت و جێی نەهێڵێت.
 
ئۆزگور ئۆزاڵ لەو هاوکێشەیەدا کەوتووەتە نێوان دوو بەرداش و نازانێت چۆن هەم ئیستەنبووڵ بباتەوە، هەمیش رێ لەبەردەم فراوانبوونی هەژموونی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بگرێت لەناو پارتەکەی.
 
بەرەی پارتەکانی دیکە
 
ئەو بەرەیە لە هەریەکە لە (دەم پارتی، ئیی پارتی، سەرلەنوێ پارتی رەفا، پارتی دەڤا) و چەندان پارت و بەربژێری سەربەخۆ پێکدێت. دەنگی هەر یەکێک لەو پارتانە کاریگەرییان بەسەر هەڵکشان و داکشانی دەنگی جەهەپە و ئاکەپە هەیە، بەڵام بەڕێژە و شێوازی جیاواز.
 
پارتی داد و گەشەپێدان، لە هەناوی پارتی رەفای نەجمەدین ئەربەکان هاتووەتە دەرەوە؛ بۆیە تەنیا سەرلەنوێ پارتی رەفا مەترسییەکی جیدییە بۆسەر ئاکپارتی، چونکە ئەو دەنگەی دەیبات، دەنگی لایەنی دیکە نییە و هەمووی دەنگی ئاک پارتییە.
بە پێی دواین راپرسی، سەرلەنوێ پارتی رەفا لە ئیستەنبووڵ 2.8٪ دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لە کاتێکدا بەربژێرەکەی ئاکپارتی تەنیا 0.6٪ لە دواوەیە. ئەمە بە مانای ئەوە دێت، گەر سەر لەنوێ پارتی رەفا تۆزێک لە بانگەشەکان خۆی سست بکاتەوە، بە ئاسانی بەشێک لەو دەنگە بۆ ئاکپارتی دەگەڕێتەوە.
 
بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئاکپارتی خوازیارە سەرلەنوێ پارتی رەفا لە بانگەشەکان سست و خاو بێت، بەڵام دەیەوێت دەم پارتی بۆ بانگەشە زۆر تووندتر و بەهێزتر بێتە مەیدانەکە. چونکە دەم پارتی، لە دەنگی بەربژێری ئاکپارتی نابات و لە دەنگی بەربژێری جەهەپە دەبات، جا گەر ئەو پارتە چەند رژدتر بێت لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەندە زیاتر دەنگی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو دەبات.
 
ئیی پارتی، بەهۆی ئەوەی لە هەناوی مەهەپە هاتووەتە دەرەوە و بەرگێکی نەژادپەرستیی پۆشیوە و لە هەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2019 شارەوانییەکانیش لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانی گەلی پێکهێنابوو؛ بۆیە بەیەکسانی لە دەنگی موراد کووڕوم و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو دەبات. ئەو یەکسانییە لە دەنگ بردن، وا دەکات هێندەی دەم پارتی و سەرلەنوێ پارتی رەفا، گۆڕانی گەورە لە ئەنجامەکان دروست نەکات.
 
یەکی نیسانی ئەم ساڵ، واتە رۆژێک دوای هەڵبژاردن، زۆر شت روون دەبنەوە. لەوانە ئەو رێگایانەی دەچنەوە کۆشکی کۆماری تورکیا. چونکە شاراوە نییە و ئەوەی چاودێری دۆخی تورکیا بکات ئەوە دەزانێت، ئەردۆغان دەیەوێت لە دوای ساڵی 2028 بۆ جاری سێیەم و خولێکی دیکەش سەرۆککۆمار بێت، جا گەر دوا خولیشی بێت. وەک چۆن ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوش دەیەوێت دیسان ببێتەوە یەکەمی ئیستەنبووڵ، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 ببێتە بەربژێر و بۆ یەکەمجار ببێتە کەسی یەکەمی تورکیا.