لە پارێزگای کایسەری تەقە لە مینیپاسی بانگەشەی دەم پارتی کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کایسەریی تورکیا هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلی بانگەشەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و تەقەی لێکرا.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 13-3-2024 لە ناوچەی کۆجاسینان لە پارێزگای کایسەری روویدا. تەنیا گرتەیەکی کامێرای چاودێری بڵاوکراوەتەوە کە لە دوورەوە بەشێک لە ساتی رووداوەکەی تۆمارکردووە.
لە گرتەکەدا چەکدارێک، هێرش دەکاتە سەر مینی پاسەکە و تەقەی لێدەکات. هەروەها وێنەی مینیپاسەکە لەلایەن دەم پارتییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە ئاسەواری گوللەی پێوەیە.
لەمبارەیەوە رێکخستنەکانی دەم پارتی لە پارێزگای کایسەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە "کاژێر 13:35ـی دوای نیوەڕۆی 13ـی ئادار، لە ناوچەی کۆجاسینانی پارێزگای کایسەری، ئۆتۆمبێلی بانگەشەی پارتەکەمان هێرشی چەکداریی کرایە سەر. هێرشکارەکە چەکی دەرهێنا و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لە ئۆتۆمبیلەکە کرد."
دەنگی پارتەکان لە کایسەری
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکاندا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی لە پارێزگای کایسەری 63.3٪ـی دەنگەکانی بردەوە. ئیی پارتی 31.5٪، سەعادەت 2.75٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەروەها هەدەپە کە ئێستا ناوەکەی بووەتە دەم پارتی، 0.58٪ـی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی تورکیای بەدەستهێنا.
لە کۆی 16 بازنەی پارێزگاکە، ئاکپارتی 11 شارەوانی، مەهەپە 4 شارەوانی و ئیی پارتی شارەوانییەکیان بەدەستهێنا.