لەسەر 'پوول'ـەکەی هەرێمی کوردستان لێپێچینەوە لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بەهۆی لێدوانێکی لەبارەی ئەو پوولەی رۆژی 7ی ئاداری 2021 لە پێشوازیی پاپا فرانسیس لە هەولێر پیشاندرا، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستپێکرا.
بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەی پوولەکە گوتبووی "نەخشەمان بە هامانە و هەموو کاتێک بەهاکانی کورد و خەڵکی کوردستانمان پاراستووە و بەردەوام دەبین لە پاراستنی".
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەو نەخشەیەی لەسەر پوولی یادگاری لە هەولێر چاپ کراوە، موڵکی تەواوی کوردانە. ئێمە دەڵێین ئەو خاکەی ماوەیەکی درێژە لەسەری دەژیین ناوی کوردستانە. ئەمە شتێک نییە بەم دواییە داهێنرابێت. ئێمە ماوەی پێنج هەزار ساڵە لەم جوگرافیایەدا دەژین. لەم چوارچێوەیەدا ئەو پوولەی بۆ پێشوازیی پاپا چاپ کراوە و نەخشەی کوردستانی لەسەرە، سیمبولی کوردستان و مێزۆپۆتامیایە".
بەردان دەڵێت "ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان، باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دووژمنایەتیی گەلی کورد دەکرێت. ئەوان دووژمنایەتیی گەلی کورد و بەهاکانی دەکەن".
بەهۆی ئەم گوتانەوە ئاسایشی تورکیا دەستی بە لێپرسینەوە لەگەڵ بەردان ئۆزتورک کرد و رایگەیاند، لەسەر بنچینەی بڕگەی 7/2ی یاسای ژمارە 3713ی ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە بەردان تۆمەتی ''بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی'' دراوەتەپاڵ.
پێشتر لەبارەی هەمان بابەت مێراڵ دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەو جۆرە نەخشانە لە مێژوودا هەن، شاراوە نین و زۆرجاریش دەبیندرێن.
پیشاندانی ئەو پوولە کە نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە، نیگەرانیی تورکیای لێکەوتەوە و پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای روونکردنەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.