تورکیا
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بۆ دهربڕينى هاوخهمى و هاوسۆزيى خۆم و خهڵكى ههرێمى كوردستان، سەردانی تورکیام کرد."
ئەمڕۆ سێشەممە، 14-02-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان و تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "بۆ دهربڕينى هاوخهمى و هاوسۆزيى خۆم و خهڵكى ههرێمى كوردستان، سەردانی تورکیام کرد و زيانلێكهوتووانى بوومهلهرزهكهى ڕۆژی 6ـی ئهم مانگهم بەسەرکردەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە چەند دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و لێقەوماوانی کارەساتەکە، سەرەخۆشیم لە گەلی تورکیا کرد و ئامادەیی ھەرێمی کوردستانم بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاریی زیاتر بۆ قوربانییان دووپاتکردەوە."
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، "دەستخۆشیم لە دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمەکانی فریاگوزاری کرد کە ھەر لە دەستپێکی کارەساتەکەدا چوونە ناوچە وێرانبووەکان بۆ بەھاناوەچوونی قوربانییان."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی بە سەرۆککۆماری تورکیا گەیاندووە و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆککۆماری تورکیا "سوپاس و پێزانینی خۆی" بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و بەسەرکردنەوەی لێقەوماوان و شوێنە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەربڕی و "دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی بە رێزەوە لە یارمەتیی مرۆیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی دەڕوانێت کە هەر لە سەرەتاوە بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی قوربانییان، گەیشتنە شوێنە زیانلێکەوتووەکان و هاوکاری و یارمەتییان پێشکەش بە لێقەوماوان کرد."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی باسیان لە "دهرفهتهکانی برهودان به پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش" کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند شارێکی لە باکووری کوردستان کرد کە بەهۆی بوومەلەرزە 7.7 پلەییەکەی شەشی شوباتی 2023ـەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیانی هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان سەرەتا چووە شاری دیلۆک کە لەگەڵ گەیشتنیدا لەلایەن بەرپرسانی پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا.
"دەمانەوێت پەیامی وەفاداری بگەیێنین"
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ دیلۆک گوتی: "ئامادەبوونی ئێمە بۆ دەربڕینی خەمخۆری و وەفادارییە بۆ گەلی تورکیا؛ بە ناوی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی بوومەلەرزەکە دەکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "گەلی تورکیا لە رۆژە سەختەکاندا هاوکاری گەلی کوردیان کردووە." گوتیشی: "هەرێمی کوردستان بەپێی توانای خۆی هاوکاری ناردووە و دامودەزگاکانیش بەردەوام دەبن لە ناردنی هاوکاری؛ بەو توانا سنووردارەی خۆمان دەمانەوێت پەیامی وەفاداری بگەیێنین."
دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شارۆچکەی ئیسلاحیەی سەر بە پارێزگای دیلۆکی کرد و دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە، سەردانی تیمەکانی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کرد.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە برای یەکین و ئەوەی بتوانین دەیکەین، ئەمڕۆ سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و هەموو کوردستان دڵیان لەگەڵتاندایە."
لە وەڵامی پەیام سەربەست، نێردراوی رووداودا سەبارەت بە هاوئاهەنگی بۆ ناردنی هاوکارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەدڵنیاییەوە رۆژئاوای کوردستان و بۆ ئێرەش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ