باخچەلی: دوای کۆبوونەوەی دووەمی شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی دەبێت پەکەکە هەڵبوەشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە تورکیا و باکووری کوردستان، دوای تەواوبوونی سەردانی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی بۆ لای پارتە سیاسییەکان، ئێستا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی دووەمی ئەو شاندەیە بۆ ئیمراڵی.
کاتی کۆبوونەوەکە دیار نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەمنزیکانە بێت. سەرۆکی مەهەپە کە ئەم پرۆسەیەی دەستپێکردووە دەڵێت، پێویستە دوای کۆبوونەوەی دووەم، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە هەڵبوەشێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، "دوای کۆبوونەوەی دووەمی شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی، دەبێت بەبێ هیچ مەرجێک رابگەیێندرێت کە پەکەکە چیدی وەکو رێکخراو نەماوە، لە رێگەی تیرۆرەوە هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت، ئەم لاپەڕە خوێناویەش بە باجی زۆر گران داخراوە. ئەمە هیوای پتەو و سازشنەکراوی ئێمەیە."
هاوسەرۆکی دەم پارتییش دەڵێت، زۆربەی پارتەکان پشتیوانیی ئاشتی دەکەن و ئەمەش گرنگە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، "بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو دوو پەیامەیدا کە ناردبووی، گوتی، ئەو هێزی بنیاتنانی ئاشتیی هەیە. ئیدی نۆرەی دەسەڵاتە. پێویستە دەسەڵات دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورددا."
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی لە 28ی کانوونی یەکەمی 2024 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی کۆبووەوە، جگە لە ئیی پارتی، سەردانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی کرد و زانیاریی لەسەر پرۆسەکە دا. چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆبوونەوەی دووەمی ئیمراڵی، دەم پارتی سەردانی پارتە کوردستانییەکانیش بکات.