ئەردۆغان بۆ بلینکن: رێگەنادەین پەکەکە و گرووپەکانی نزیکی دۆخە نوێیەکەی سووریا بقۆزنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، "سووریا پێویستی بە شەڕی نوێ نییە".
 
رۆژی پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەسەر داهاتووی سووریا و هاوئاهەنگیی واشنتن و ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە بووە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سوورییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: "هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، بەتایبەتی کەمینەکانی سووریا. بلینکن دڵنیایی داوە لە درێژەدان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا".
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، ئەردۆغان بە بلینکنی راگەیاندووە، ئەنقەرە رێکاری خۆپارێزی لە سووریا دەگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە دژی "هێزە تیرۆستییەکان" بە تایبەتی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و بەڵێنیشیداوە تورکیا رێگەنەدات هیچ لاوازییەک لە شەڕی دژ بە داعش بەدیبکرێت؛ لە هەمان کاتیشدا رێگە نادات پەکەکە و گرووپەکانی نزیکی، دەرفەتی ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە پێش، بقۆزنەوە. 
 
بڕیارە رۆژی هەینی 13ی کانوونی یەکەمی 2024، بلینکن بە جیا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی، هاکان فیدان کۆببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگری تورکیا- میت و خەلفان کەعبی، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی دەوڵەتی قەتەر، سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی دەستەی تەحریر شام- هەتەشە کۆبوونەوە.