رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەمەودوا ئەو بیانییانەی دەیانەوێت لەڕێی کڕینی زەوی وڵاتینامە بەدەستبهێنن، دەبێت زەوییەکەیان بکەنە خانوو یان باڵەخانە.
بریارەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 12-12-2023 لە رۆژانەی فەرمیی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە. گۆڕانکاری تەنیا لەو بڕگەیەدا کراوە کە باسی کڕینی موڵکێکی 400 هەزار دۆلاری دەکرێت کە بیانییەکان لەڕێیەوە وڵاتینامەی پێ وەردەگرن. حکومەتی تورکیا بەشێوەیەک رێگری لەو بیانییانە دەکات کە تەنیا بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە زەوی دەکڕن و دوای سێ ساڵ دەیفرۆشنەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە بابەتی کڕینی شوققە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە لە ئارادا هەیە؟ مزەفەر قەرەباخ، سەرۆکی کۆمپانیای بیناسازیی مێگا - ئینشائات لە ئیستەنبووڵ، بە تۆڕی میدیایی گوت، گۆڕانکارییەکە شوققە ناگرێتەوە. "پێشتر بیانییەکان لەڕێی کڕینی زەویشەوە دەیانتوانی وڵاتینامەی تورکیا بەدەستبهێنن. بەڵام ئێستا وڵاتینامە بۆ زەوی نادرێت، بەڵکو پێویستە خاوەن زەویی بینا لەسەر زەوییەکەی دروست بکات، ئەوکات مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی دەبێت. ئەمە وادەکات لەمەودوا لە تورکیا فرۆشی شوققە 25٪ بەرزببێتەوە. چونکە تەواوی ئەوانەی بیریان لە کڕینی زەوی دەکردەوە، بە ناچاری شوققە دەکڕن."
مزەفەر قەرەباخ هەروەها جەختی لەوە کردەوە بڕەکە نەگۆڕاوە و هەر 400 هەزار دۆلارە. سەبارەت بە هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی وڵاتینامەی تورکیا قەرەباخ گوتی، "یەکەم مەرج ئەوەیە پێویستە موڵکێکی 400 هەزار دۆلاری بکڕێت کە لەڕێیەوە مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی دەبێت. کەسی داواکار دەتوانێت ئەم پارەیە بە دەست یانیش لەڕێی بانکەوە بدات."
قەرەباخ هەروەها باسی لەوە کرد کەسی داواکار ئەو کارانەی لەڕێی راوێژکاری موڵکی و پارێزەرانەوە بۆ دەکرێت و مامەڵەکەش لەسەر پاسپۆرتی خۆی دەستپێدەکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ 93 هەزار و 761 خانوو و شوققە لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشراون کە دوو هەزار و 535یان لەلایەن بیانییەکانەوە کڕدراون. بەراورد بە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کڕینی خانووبەرە لەلایەن بیانییەکان 52.9٪ دابەزیوە. لە تشرینی یەکەمدا بیانییەکان زۆرترین موڵکیان لە ئەنتاڵیا کڕیوە. هەریەک لە شارەکانی ئیستەنبووڵ و مێرسین لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن. هەروەها هاووڵاتییانی رووسیا، ئێران و ئۆکراینا پێشەنگن لە کڕینی ئەو موڵکانە لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ