سەرۆکی جەهەپە: یەک دونیا کورد دەنگی پێداین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و شوێنەکانی دیکەشدا "یەک دونیا کورد" دەنگی بە جەهەپە داوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە هەڤیەپڤێنێکدا کە رۆژی سێشەممە 12-11-20204 بڵاوکرایەوە، باسی لە پشتیوانییەکانی کورد کرد لە جەهەپە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا و، گوتی "لە زۆر شوێندا دەنگدەری ئیی پارتی بە بیرۆکەی ئەوەی بەربژێرەکەی خۆی تازە هەر نایباتەوە، لەبری ئاکپارتی، دەنگی بە جەهەپە داوە. هەروەها لە زۆر شوێندا بەهۆی نەبوونی بەربژێری دەم پارتی، دەنگ بە بەربژێری جەهەپە دراوە، ئێمە بەوجۆرە بردوومانەتەوە. لە ئیستەنبووڵ یەک دونیا کورد دەنگی بە ئێمە دا، بە ئەنقەرەشەوە یەک دونیا کورد دەنگی پێداین." 
 
سەرۆکی جەهەپە راشیگەیاند شەوی هەڵبژاردن گوتوویەتی "ئەوانە دەنگدەری بە تاپۆی ئێمە نین. ئەو پشتیوانییە لەبەر هاوپەیمانیی تورکیایە. ئێستاش راپرسییەکان پێمان دەڵێن جەهەپە 32،33 و 34 لە سەدای دەنگەکان دەباتەوە." 
 
ئۆزگور ئۆزەل هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان و راگەیاندنی کۆتاییهاتنی پەکەکە، گوتی "کاک دەوڵەت تابڵێی تووندە، سەرەڕای ئەوەش چەند پەیامێکی لەوجۆرەی هەیە. ئایا ئەمە تاکتیکێکی سیاسییە؟ هەڵمەتێکە یان بە تەمای هەنگاوێکی دیکەیە؟ من ئەمە نازانم! راستییەکەی هەموو ئەوانەی چاودێریی سیاسەتی تورکیا دەکەن، دەزانن ناکۆکی و رێکنەکەوتن لەنێوان کاک دەوڵەت و ئاکپارتی هەیە."
 
سەرۆکی جەهەپە سەبارەت بە پرسی دەستوور و داهاتووی تورکیا، جەختیکردەوە لەوەی ناکرێت بە خستنە دەرەوەی کورد لە هاوکێشەکە، داهاتوو بونیات بنێن و گوتی "دەبێت دەم پارتی، ئیی پارتی، پارتی ئاییندە، سەعادەت و دەڤا لەخۆبگرێت. من باس لە مێزی شەشقۆڵی ناکەم، باس لەو بەرخودانە هاوبەشە دەکەم، کە ئۆپۆزیسیۆن لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. دەمانەوێت لەنێو بەرخودانێکی وەهادا بین." 
 
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمین جار ئاکپارتی دابەزییە پلەی دووەم و جەهەپە پێشەنگی گرت. 
 
جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیا 17 ملیۆن و 391 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێنا، بە 37.77٪ بە یەکەم دەرچوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانیی بەدەستهێنا. ئاکپارتی بە 16 ملیۆن و 339 هەزار و 771 دەنگ بە رێژەی 35.49٪ دووەم بوو و سەرۆکایەتیی 24 شارەوانیی بەدەستهێنا، هەروەها دەم پارتی بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و بە رێژەی 5.70٪ براوەی سێیەم بوو کە سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا.