سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کورد و تورکدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، 40 ساڵە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا بەردەوامە، بەڵام "هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کورد و تورکدا نییە."
 
رۆژی سێشەممە 12-11-2024 نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەشداریی لە چالاکییەک لە پارێزگای ئوردور کرد و لەبارەی چەند مژارێک قسەی کرد.
 
کورتولموش گوتی، هێزە داگیرکەرەکان ساڵانێکە بە چەک و لەڕووی هەواڵگری، سەربازی و سیاسییەوە پاڵپشتیی ئەو گرووپ و هێزانە دەکەن کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" پۆلێنیان دەکات، "دەبێت ئەم یارییە تێکبدەین."
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەیان 40 ساڵە لەگەڵ پەکەکە لە شەڕدایە و گوتیشی، پێداگرن لەوەی تورکیایەک بنیادبنێن تووندوتیژیی تێدا نەبێت.
 
بە گوتەی کورتولموش، وێڕای ئەو دۆخەی لە 40 ساڵی رابردوودا دروستبووە، یەکڕیزی و برایەتی لە تورکیادا هەیە، "هیچ ناکۆکییەک لەنێوان کورد و تورکدا نییە."
 
دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978 دامەزرا، شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، هەوڵێک لە تورکیا هەیە کە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت ببێتە پرۆسەیەکی چارەسەری.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێ بێنێت کە 40 ساڵە بەردەوامە.