سەرۆکی جەهەپە: ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر تورکیا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پلانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا "دوورە لە راستییەوە و پڕوپاگەندەی دەسەڵاتە." دەشڵێت، "پڕوپاگەندەکە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان و زیادکردنی باجە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2024 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە لە شاری موغڵا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەرۆکی جەهەپە گوتی، "زۆرن ئەو سەرۆک و حیزبە دەسەڵاتدارانەی دەستووری وڵاتەکانیان پێشێل کردووە؛ بەڵام بینیمان چییان بەسەر وڵاتەکەیان هێناوە. بەداخەوە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان دەستوور لەلایەن سەرۆککۆمار و پارتی دەسەڵاتەوە پێشێل دەکرێت. ئەنجامەکەشی خراپی دۆخی ناوخۆی وڵاتە کە رەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی دەرەوەشیدا هەبووە."
 
لە سەرەتای ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای غەززە و لوبنان، نۆرەی تورکیایە. بەڵام سەرۆکی جەهەپە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا بە دوور دەزانێت.
 
ئۆزگور ئۆزەل گوتی، "گوێمان لە دەسەڵات و سەرۆککۆمار گرت. بانگەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا دوورە لە راستی و دوو ئامانجی هەیە. یەکەمیان؛ پەردەپۆشکردنی شکستەکانییەتی لە چارەسەرنەکردنی قەیران و کێشەکان. دووەمیشیان؛ سەپاندنی باجی زیاتر و دەستبردنییەتی بۆ گیرفانی خەڵک."
 
سەرۆکی جەهەپە پێیوایە، زیادکردنی 300%ی باجی کارتە ئەلیکترۆنییەکانی بانکەکان و سەپاندنی 750 لیرە لە کۆی ئەو هەژمارە بانکییانەی کە لە 100 هەزار لیرە زیاتریان تێدایە و پێدانی باجەکە بە سندوقی پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی بەرگریی، "دوو نموونەی زەقی سیاسەتی دەسەڵاتە لە رێگەی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ". 
 
سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەشکرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هەر بەڵێنێکی دابێت جێبەجێی نەکردووە جگە لەو بەڵێنانەی بە سەرۆکی هوداپار-ی داوە. کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ کە بەر لە تووندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دەگرێت. هەروەها ئەو بەڵێنانەی بە سەرۆکی مەهەپە داویەتی جێبەجێی دەکات، کە تایبەتە بە دەرکردنی بڕیاری لێبووردن بۆ مافیا و چەتەکانی نێو زیندان. ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی تاوانباران هەست بە ئارامی بکەن و لە سزادان بێباک بن.