لە پەرلەمانی تورکیا دوای پەسندکردنی یاسای "سانسۆر لەسەر میدیا'' پشێوی دروست دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی تورکیادا 28 ماددەی رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایە پەسندکرا کە دەسەڵات بە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" و ئۆپۆزیسیۆن بە یاسای "سانسۆر" ناوی دەبات، بەڵام لە کاتی گفتوگۆکردن پشێوی دروستبوو.
 
شەوی رابردوو 12-10-2022 پەرلەمانی تورکیا بۆ درێژەدان بە دەنگدان لەسەر رەشنووسی پڕۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" کۆبووەوە و 28 ماددەی ئەو پڕۆژەیاسایە پەسندکرا. بەڵام دواتر بەهۆی ناڕەزایی و پرۆتێستۆکردنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) گرژی لە هۆڵی پەرلەمان دروستبوو و پرۆسەکە وەستێنرا.
 
لەکاتی خوێندنەوەی ماددەی 29یەمی رەشنووسەکە کە تێیدا سزای رۆژنامەڤان بە ماوەی سێ ساڵ و چەند سانسۆرێکی دیکە هەیە، پەرلەمانتارانی جەهەپە و هەدەپە بە چەپڵە و ناڕەزایی بەرپەرچیان دایەوە و پرۆتێستۆیان کرد. حەیدەر ئاکار، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کە دانیشتنەکەی بەڕێوە دەبرد، ناچار بوو کۆتایی بە دانیشتنەکە بهێنێت و بە جیا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە.
 
لەبارەی ماددەی 29یەمی رەشنووسەکە ئەنگین ئاڵتان، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند: "لە جیهاندا تەواوی دەسەڵاتە بە زۆر و زەبرەکان، لە دوایین قۆناخەکانی دەسەڵاتیاندا گوشارەکانیان زیاد دەکەن و زیاتر رێگەی نادیموکراسی دەگرنەبەر. ئەگەر ماددەی 29یەن بکرێتە یاسا، تورکیا دەکەوێتە دۆخێکەوە کە ئێمە نامانەوێ، تەنانەت ئاکپارتی و مەهەپەش نایانەوێ".
 
هەروەها فراکسیۆنی هەدەپە هەستانەوە سەر پێ و بە چەپڵەی ناڕەزایی وەڵامی ئەو رەشنووسەیان دایەوە و دەیانگوت؛ "رۆژنامەڤانی تاوان نییە، ناتوانن دەنگی میدیای ئازاد کپ بکەن".
 
لە بەرامبەردا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی جەهەپە و هەدەپەیان بە نایاسایی ناوبرد و داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرد درێژە بە دەنگدانەکە بدرێت.
 
ئەنگین ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە گوتی: "دەیانەوێ پشێوی لە نێو هۆڵی پەرلەماندا دروست بکەن. بەڵام نابێ رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بکرێت".
 
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2022، دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" دەستیپێکرد و ماددەی یەکەم و دووەمی ئەو پڕۆژەیاسایە پەسندکرا. 
 
بەگوێرەی ئەم رەشنووسەکە هەرکەسێک "زانیاریی نادروست لەبارەی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی و ئاسایشی گشتی و تەندروستیی گشتی وڵات بڵاوبکاتەوە بەمەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ" سزای زیندانیکردن لە 1 بۆ 3 ساڵی بەسەردا بسەپێنرێت، هەروەها ئەو نێوەڕۆکانەی کە تاوانێک لە دژی چالاکییەکان و کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی پێکدەهێنن، دەخرێنە نێو لیستی ئەو تاوانانەی سزاکانیان یەکلاییکراونەتەوە.