ئەردۆغان: لە تورکیا بەناوی رەگەزپەرستییەوە بە ئاشکرا دژایەتیی تورک و موسڵمانان دەکرێت

3 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتیی و جەهەپەی بەتایبەتی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە پاڵپشتیی هێزە دەرەکییەکان، بەناوی رەگەزپەرستییەوە، بە ئاشکرا دژایەتیی تورک و موسڵمانان و دووژمنایەتییەکی تەواو بەرامبەر بە تورکیا دەکرێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئەیلوولی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەند باڵەخانەیەکی نوێ بۆ کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆی مەرمەرە لە ئیستەنبووڵ کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
"خوێندکارە بیانییە دەرچووەکان، باڵیۆزی فەخریی تورکیان"
 
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی خوێندکارە بیانییەکان کرد لە زانکۆکانی تورکیا و رایگەیاند، "کرانەوەی زانکۆکانمان بەڕووی جیهاندا بەرز دەنرخێنم. لە زانکۆی مەرمەرە لە 136 وڵاتەوە زیاتر لە 3500 خوێندکاری بیانی دەخوێنن. لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوەی وڵات زۆر جار ئەو خوێندکارانە دەبینم کە دەرچووی زانکۆکانی تورکیان، بە زمانێکی زۆر پاراوی تورکی قسە دەکەن. بوونەتە باڵیۆزی فەخریی وڵاتەکەمان. خوێندکارە بیانییە دەرچووەکانی زانکۆکانی تورکیا لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن، ناساندی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا رۆڵێکی چالاک دەبینن."
 
"خوێندکارە بیانییەکان ساڵانە سێ ملیار دۆلار داهات فەراهەم دەکەن"
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە وەبەرهێنان کرد لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن و گوتی، "لەسەر ئاستی جیهان، حەوت ملیۆن خوێندکاری بیانی لە زانکۆ نێودەوڵەتییەکاندا دەخوێنن. وڵاتانی وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا و ئوسترالیا ساڵانە بە ملیاران دۆلار لەم خوێندکارە نێودەوڵەتییانە قازانج دەکەن. لەپاڵ وەبەرهێنانی فیکر و زانست و رۆشنگەری و پێشخستنی کۆمەڵگە لە رێگەی ئەم زانکۆیانە، هاوکات داهاتێکی زۆر مەزن بەدیدەکرێت. ئێمەش بە هەمان شێوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکەین و وەبەرهێنانیان بۆ دەکەین. لە تورکیاش ساڵانە لە 198 وڵاتی جیهاندا نزیکەی 340 هەزار خوێنکار دەخوێنن، 95%ی ئەم خوێندکارانە لەسەر ئەرکی خۆیان دەخوێنن و تەواوی خەرجییەکان لە گیرفانی خۆیانە و ساڵانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار داهات بۆ تورکیا فەراهەم دەکەن. لە ساڵی 2010 داهاتی خوێندنی خوێندکارە بیانییەکان لە تورکیا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بوو. بۆیە ئەمە تابلۆیەکی زۆر ناوازەیە و شایانی پەسنە و پێویستە هاندانی زیاتری بۆ بکرێت."
 
"لە دەرەوە دەمارگیری و رەگەزپەرستی هەناردەی تورکیا دەکرێت"
 
ئەردۆغان بە نیگەرانییەوە باسی لە شەپۆلی دەمارگیری و رەگەزپەرستی کرد کە "لە دەرەوە" هەناردەی تورکیا دەکرێت و تۆمەتی خستە پاڵ چەند لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن و رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا، "چەند پلاتفۆرمێکی فاشیزم و دەمارگیر کە سەرچاوەکەی لە دەرەوەی تورکیایە، لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم تابلۆ ناوازەیە لەبار ببات. بەردەوام لە سیاسەت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا، دەمارگیری و رەگەزپەرستی و رق و کینەی نەتەوەپەرستی دەوروژێنێت. هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە بۆئەوەی گەشتیار، خوێندکار و وەبەرهێنەرەکان بە پاساوی وروژاندنەوەی رەگەزپەرستی و دەمارگیری لە تورکیا دووربخەنەوە."
 
هەروەها تۆمەتی خستە پاڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە و گوتی، "لەپێناو بەدەستهێنانی مشتێک دەنگ، بەربژێری رکابەرمان لە هەڵبژاردنەکانی 14 بۆ 28ی ئایاردا، زمانی دەمارگیری و نەفرەت و رقبوونەوە لە کەسانی بیانیی دەوروژاند و لە گۆڕەپانەکاندا بەیداخی نەفرەت و رق ئەستووریی لە دژی بیانییەکان هەڵکردبوو. بەدەر لە بنەماکانی سیاسەتی سۆسیال دیموکرات، هەمیشە زمانی فاشیزمی بەکاردەهێنا، بەداخەوە کەسانی دەوروبەریشی رێگرییان لێنەکرد بەوەی سیاسەتی رەگەزپەرستی و رق و کینە بەکاربهێنێت."
 
"دەوڵەت هێزی نەرم و ئۆپۆزیسیۆن زمانی زبر"
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، "دەوڵەت هەمیشە سیاسەتی میانڕەویی پەیڕەو دەکرد و بایەخێکی زۆری بە فەزای هێزی نەرم دەدا، کەچی ئەوان [ئۆپۆزیسیۆن] شەپۆلی رق و کینە و سیاسەتی رەگەزپەرستییان لە بەرامبەر هێزی نەرمی دەوڵەت بەکارهێنا کە ئەمەش ئامانج و مەبەستێکی گەنیوی بەدوادا هەبوو. لەناو تورکیا بەناوی رەگەزپەرستی، دوژمنایەتی زۆر روون و ئاشکرا بەرامبەر بە تورک، بەرامبەر بە موسڵمانان، دوژمنایەتییەکی تەواو بەرامبەر بە تورکیا هەیە. لە تورکیا کەسانێک هەن لە چوارچێوەی سیاسەتی رەگەزپەرستیدا زۆر بە ئاشکرا ئاو دەکەنە ناو ئاشی دوژمنان. پشتیوان بە خوا رێگە نادەین گەنجەکانمان بکەونە ئەم گێژاوە."
 
گوتیشی، "ئێمە وەکو دەوڵەت هیچ کات جیاکاریمان لەنێوان رەنگی پێست، زمان و ناوچە نەکردووە و ناکەین. تاکە دەوڵەت و میللـەتین چەندین سەدە لە سێ کیشوەر فەرمانڕەوا بووین، بەڵام لە مێژووماندا شەرمەزاریی داگیرکاریمان نەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک گوزارشت لە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان دەکات.

لە تورکیا و باکووری کوردستان 7,000 کەس بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بەندکراون

وەزارەتی دادی تورکیا راپۆرتی "دادپەروەری 2023"ـی بڵاوکردەوە. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان خراوەتەڕوو. تێیدا هاتووە، لە دادگاکاندا 40 هەزار و 713 دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە دژی 36 هەزار و 275 تۆمەتبار تۆمارکراون.