سەرۆکی جەهەپە داوا دەکات مانگی 11ی 2025 لە تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات لە مانگی 11ی 2025 هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئەیلوولی 2024 ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی پارێزگای کۆجائێلی لە تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و تەحەدای دەسەڵاتی تورکیا بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
 
ئۆزگور ئۆزەل لە گوتارەکەیدا گوتی، سەرۆکایەتیی ئەمجارەی رەجەب تەیب ئەردۆغان مایەی مشتومڕە، هەرچەندە مافی خۆبەربژێرکردنی نەبوو، بەڵام بە بیانووی ئەوەی خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیکردنیەتی لەدوای هەمواری دەستووری تورکیا و پەسندکردنی سیستمی سەرۆکایەتی، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان و ئەنجوومەنی دادوەرییش کە لایەنگری دەسەڵاتن، پێداگرییان لە رەوایی بەربژێربوونی ئەردۆغان کرد کە بۆ جاری سێیەمە دەسەڵات بگرێتە دەست.
 
راشیگەیاند، ئەمجارەش یاساناسەکانی سەر بە ئاکپارتی دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەردۆغان بۆی هەیە خۆی بەربژێر بکاتەوە، چونکە دەستوور دەڵێت، ئەگەر 360 پەرلەمانتار واژۆیان کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە بڕیاری پەرلەمان سەرۆککۆمار بۆی هەیە بۆ دوایین جار خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، کۆی کورسییەکانی ئاکپارتی و مەهەپە-ی هاوپەیمانی 316 دەنگە و بەبێ جەهەپە یان لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن 360 دەنگ کۆبکەنەوە، "ئێمەش رایدەگەیێنین کە ئامادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەین بەو مەرجەی لە مانگی 11ی 2025 بکرێت، واتە لە نیوەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، ئەگینا کەس لە دەرگامان نەدات."
 
باسی لەوەش کرد، جەهەپە ئیدی ئۆپۆزیسیۆن نییە، جەهەپە دەسەڵاتدارە، بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ کرا، میللـەت پشتیوانیی لە جەهەپە کرد و بە جیاوازییەکی زۆری دەنگ، جەهەپە بووە پارتی یەکەمی تورکیا، "رۆژ دوای رۆژ، پشتیوانیی گەل بۆ جەهەپە زیاتر دەبێت و لە نزیکترین هەڵبژاردندا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکپارتی دەهێنین."