تەرمی ئەو چالاکڤانە تورکەی لە فەلەستین کوژرا گەڕێندرایەوە تورکیا

 
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی ئایشەنوور ئێزگی، ئەو چالاکڤانە تورکەی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کوژرا، گەڕێندرایەوە تورکیا. سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، مەرگی ئایشەنوور "بەبێ سزا تێناپەڕێت."
 
رۆژی هەینی 13-09-2024 بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی تورکیا لەوانەش داوود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە بە پرۆتۆکۆلی سەربازی پێشوازییان لە تەرمی ئایشەنوور ئێزگی کرد و نوێژی مردوویان لەسەر کرد. تەرمی ئێزگی دواتر رەوانەی دادپزیشکیی شاری ئیزمیر کرا.
 
رۆژی 06-09-2024 ئایشەنوور کە هاووڵاتییەکی تورکی - ئەمریکییە و تەمەنی 26 ساڵە، لە خۆپێشاندانێک لە دژی دروستکردنی ئۆردووگا جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە گوللـەی سەربازانی ئیسرائیل کوژرا. کوژرانی ئێزگی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبار کرد کە گوللـەیان لە سەری ئایشەنوور داوە و کوشتوویانە. سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە ئەو رۆژە لەو ناوچەیە تەقەیان کردووە و رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
ئەمریکا کوژرانی چالاکڤانەکەی بە رووداوێکی "تراژیدی" وەسف کرد، بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیی کوشتنی بخاتە ئەستۆی هیچ لایەنێک. ئایشەنوور لە شاری بەیتا بوو بۆئەوەی بەشداری لە خۆپێشاندانی دژی دروستکردنی ئۆردووگای جوونشینی نایاسایی بکات.
 
یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "دادپزیشکیی تەرمی ئێزگی لە ئێوارە تەواو دەبێت و بەڵگەی دادپزیشکییەکە بۆ لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بەکاردەهێنین." حکومەتی تورکیا هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن.
 
خێزانی ئایشەنوور رایانگەیاند کە رۆژی شەممە پرسی کچەکەیان لە شارۆچکەی دیدیم، لە دووریی 160 کیلۆمەتر لە شاری ئیزمیر دادەنێن.
 
عەلی تیکیم، مامی ئێزگی رایگەیاند: "دڵمان پڕ خەمە بەڵام دیدیم شانازیی بە ئایشەنوور دەکات."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "کوژرانی ئایشەنوور بەبێ سزا تێناپەڕێت."
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "بەم لەدەستدانە تراژیدییە، خەمبارین،" گوتیشی، "وەک پێویست" هەنگاو دەنێن.
 
ئایشەنوور ئەندامی رێکخراوی (بزووتنەوەی هاوسۆزیی نێوەدەوڵەتی) بوو کە داکۆکی لە فەلەستین دەکات. 
 
نێتا گۆلان، هاودامەزرێنەری رێکخراوەکە باسی لەوە کرد، ئایشەنوور بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی هەفتانەی دژی ئۆردووگا جوونشینە نایاساییەکان لە شاری بەیتا بوو.