مانگی رابردوو 25 ملیۆن کەس لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی تەممووزی 2024ی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، 25 ملیۆن كه‌س لێیانەوە گەشتیان کردووە.
 
لە مانگی ئابدا، فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان خزمەتگوزارییان پێشکێشی 25 ملیۆن و 191 ھەزار و 905 کەس کردووە؛ هەروەها 134 هەزار و 699 فڕۆکە گەشتیان لەو فڕۆکەخانانەوە کردووە و 493 هەزار و 183 تۆن باری کارگۆیشی هەبووە.
 
بەمەش، لە هەشت مانگی ئەم ساڵدا، 154 ملیۆن و 930 هەزار و 677 کەس لە رێگەی یەک ملیۆن 538 هەزار و 183 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامداوە. هەروەها سێ ملیۆن و 233 هەزار و 453 تۆن کەلوپەلیش بە کارگۆ لەم فڕۆکەخانانەوە گواستراونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، پار 214 ملیۆن و 232 هەزار و 985 کەس لە رێگەی دوو ملیۆن و 167 هەزار و 19 فڕۆکەوە لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە. هەروەها چوار ملیۆن و 211 هەزار و 919 تۆن کەلوپەل لەو فڕۆکەخانانەوە بە فڕۆکەی کارگۆ گوێزراونەتەوە.
 
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستاندایە. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.