ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات ئێران رازی بکات هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە داوا لە تورکیا دەکات، ئێران رازی بکات هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2024 جێف فلەیک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ داوای لە تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئێران کرد، تاران رازی بکەن هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل.
 
فلەیک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە دا گوتی، "داوا لە هەموو هاوپەیمانەکانمان دەکەین کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە، لەنێویاندا تورکیا، کار بکەن و ئێران رازی بکەن کە نەبێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە."
 
پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ساردی چووە، بەشێکی بەهۆی هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە لەلایەن ئەمریکاوە.
 
فلەیک گوتی، پێیوایە ئێستا "پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا باشترن، بەراورد بە ماوەیەک لەمەوبەر."
 
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رازیکردنی ئێران کە هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن باسی لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، "دەبێت ئامادەبین بۆ ئەگەری زنجیرەیەک هێرشی بەرچاو."
 
کێربی لەبارەی کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گوتی، "لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانمان هەمان پێشبینیمان لەبارەی کاتی هێرشەکە هەیە... لەوانەیە ئەم هەفتەیە بێت."
 
گوتەکەی کێربی لەکاتێکدایە، ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەی جەنگی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەری.