خانووی دەستكەوت ژنی دەستناكەوێ

رووداو- هەولێر

درێژترین پیاوی جیهان، كە كوردێكی دانیشتووی باكووری كوردستانە دەڵێت لە ژیانیدا دوو خۆزگەی هەبووە، یەكێكیان كە دروستكردنی خانوویەكە بەگوێرەی باڵای خۆی، خەریكە دێتە دی. ئاواتی دووەمیشی ژن هێنانە كە هێشتا بەدی نەهاتووە. 

سوڵتان كۆسەن، بە باڵایەكی درێژی 251 سانتیمەتری لە ساڵی 2008 ناوی چووەتە نێو كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان. سوڵتان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت ئەو زۆر دڵخۆشە بەوەی ناوی چووەتە نێو ئەو كتێبە، بەڵام دەڵێت درێژییەكەی كێشەی بۆ دروستكردووە، كاتێك دەیەوێ سواری ئۆتۆمبێل بێت. 

سوڵتانی تەمەن 30 ساڵ، كێشی 150 كیلۆگرامە، دەستی لە مەچەكەوە تاوەكو سەری پەنجەكانی 27 سانتیمەترە و درێژی پێیەكانیشی 60 سانتیمەترە. بۆیە هەر كاتێك پێڵاوی پێویست بێ، ئەوا كارگەیەكی پێڵاو رادەسپێرێت بۆی دروستبكەن، چونكە پێڵاوی پێی ئەو لە بازاڕدا نییە. گرفتێكی دیكەی سوڵتانیش نەبوونی خانوویەك بوو كە لەگەڵ درێژیی باڵای ئەودا بگونجێ.

سوڵتان كۆسەن، خۆشحاڵە بەوەی دوای چەندین ساڵ دەبێتە خاوەنی ژوورێكی تایبەت بەخۆی كە گونجاو بێت لەگەڵ درێژییەكەی. سوڵتان دەڵێت دوو ئاواتم هەبوو یەكێكیان هاتەدی، ئەوی دیكەشیان كە ژنهێنانە ئەوە قسمەتە و هەوڵی بۆ دەدەم.

سوڵتان كۆسەن لە دایك و باوكێكی كورد لە شارۆچكەی دێركا چیای مازی سەر بە ماردین لە دایكبووە. سێ خوشك و برایەكی هەیە. سوڵتان تاوەكو تەمەنی 10 ساڵان، بە شێوەیەكی سروشتی گەشەی كردووە، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی نا ئاسایی گەشەی كردووە.

سوڵتان، درێژییەكەی خۆی بە ناسروشتی وەسف دەكات و دەڵێت "درێژییەكەم نەخۆشییە، هۆرمۆن لە لەشمدا ناهاوسەنگە". ئەو درێژییەی سوڵتان بەدەستیەوە دەناڵێنێ، لە ژیانی رۆژانەیدا چەندین كێشە و گرفتی بۆ دروستكردووە و هەر بەو هۆیەش لە پۆلی 8ی بنەڕەتی وازی لە خوێندن هێناوە.
سوڵتان دەڵێت "بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە دەكەم، بۆ ئەوەی درێژییەكەم رابگرن، دكتۆر دەرمانم بۆ دەنووسێ، 3 جار نەشتەرگەری بۆ كردووم، جگە لەوەی كە چارەسەری سروشتیم بۆ دەكات".

 بەڵام مەینەتییەكانی سوڵتان كۆسەن تەنیا ئەوە نییە و دەڵێت "لە سواربوونی ئۆتۆمبێل كێشەم بۆ دروستدەبێت، پێڵاو و جل لە بازاڕ نادۆزمەوە، دەبێت كارگەكانی پێڵاو و جلوبەرگ راسپێرم". بەهۆی درێژییەكەی، نەیتوانیوە وەكو كەسێكی ئاسایی بژی و كاربكات.

 گەورەترین زەحمەتیش بۆ سوڵتان ئەوەیە كە بە ئاسانی لە ماڵەكەی خۆیدا نەجوڵاوەتەوە، چونكە بانی خانووەكان و دەرگاكانیان نزمن. سوڵتان گوتی "پێشتر چەندین كەس بەڵێنیان پێدام خانوویەكم بۆ دروستبكەن بە گوێرەی درێژییەكەم، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر. باوكم خانووە كۆنەكەی خۆی رووخاند و لە شوێنی ئەو خانوویەكی نوێ دروستدەكات، ژوورێكی تایبەت بۆ من دروست دەكات كە بەرزی دەرگاكەی 2.5 مەترە، هەروەها بەرزی ژوورەكەش 3 مەترە". 

كۆسەن، چەندین ساڵە بۆ ئەوەی درێژییەكەی رابگرێ سەردانی دكتۆری پسپۆڕ دەكات. لەساڵی 2012 سوڵتان كۆسەن 4 سانتیمەتر درێژبوو، بەمەش درێژییەكەی گەیشتە 2 مەتر و 51 سانتیمەتر. بەڵام لە ساڵی 2013 بەژنی كۆسەن گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. لەوبارەیەوە دەڵێت "خۆشحاڵم بەو چارەسەرییەی بۆم ئەنجام دەدرێت. شوكور بۆ خوا بەژنم هیچی دیكە درێژ نابێت. سەرەڕای ئەوەش هێشتا هەر درێژترین پیاوی جیهانم".

دوای ئەوەی ناوی چووە نێو كتێبی گیسنەوە، سوڵتان بووە جێی گرنگی زۆر كەس، بۆیە لە زۆر لاوە داوەتنامەی بۆ هاتووە و لەو ماوەیەش چەندین گەشتی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە. 

سوڵتان دەڵێت "لەهەموو ئەو شوێنانەی گەڕام باسی ماردینم كرد. 2 مانگ لە هایتی لە كۆمپانیایەك كارم كرد. بە كولتوور و مرۆڤی جیاواز ئاشنابووم، دوای ئەوە بەخۆبەخش وەكو نوێنەری ماردین بەشداریم لە فێستیڤاڵی تورك لە لۆس ئەنجلس كرد".

هێشتا ژنی دەستنەكەوتووە

ساڵێك لەمەوبەر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) سوڵتان لەبارەی ژیانی هاوسەری خۆی گوتبووی "تا ئەمڕۆ چوومەتە خوازبێنی دوو كچ رازینەبوون، لە خەیاڵمدا كچێكی دیكە هەیە، بەڵام دەترسم ئەویش رازی نەبێ".

سوڵتان، دوو ئاواتی هەیە، ئەو پێیوایە ئاواتی یەكەمیان كە خانووە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی تێیدا بژی خەریكە دێتەدی. ئاواتی دووەمیشی ژیانی هاوسەرگیرییە، لەو بارەیەوە دەڵێت "هێشتا قسمەتم هەڵنەستاوە. ئینشائەلڵا كچێك دەدۆزمەوە دەیكەپڵێنم و ئەو ئاواتەشم دێتەدی".