ئەردۆغان: یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیماندایە

13-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی ئەنقەرەدایە. 
 
رۆژی هەینی، 12-7-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای تەواوبوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا و لە گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەکەی لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. 
 
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق رایگەیاند: "ئەرکەکەم بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە سپاردووە. ئەویش سەرقاڵی دانانی نەخشەڕێگەیەکە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر. بە گوێرەی ئەو نەخشەرێگەیە هەنگاو دەنێین".
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "دەکرێت ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا بەدی بهێندرێت. هەمیشە باسمان لەوە کردووە کە یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی ئێمەشدایە. بەدەستهێنانی ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا لە هەمووان زیاتر بۆ ئێمە سوودی دەبێت. گرنگترین هەنگاو لەم بوارەدا دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێیە لە سووریا".
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی رۆڵی حکومەتی وڵاتەکەی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریادا رایگەیاند: "چەندین ساڵە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری وڵاتی دراوسێمان هەوڵەکانمان چڕ کردوونەتەوە. چاوەڕوانیی بنچینەییمان لەوەدایە کەس بەو کەشوهەوایە نیگەران نەبێت کە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی نوێ دێتە ئاراوە." 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەش گرت و گوتی: "لەم نێوەندەدا رێکخراوی تیرۆریستی بۆ بەلارێدابردن و ژەهراویکردنی پرۆسەکە، ئەوەی لە دەستی بێت بە زیادەوە دەیکات، پیلان دەگێڕێت، دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی دەبات و دەیشێوێنێت. بۆ ئەمەش لە ئامادەباشیداین و پلانمان هەیە".
 
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021دا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق کرد. 
 
لە تشرینی یەکەمی 2021دا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. لە ئەیلوولی رابردوویشدا هەردوو وەزیری بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن