مانگی رابردوو نزیکەی 23 ملیۆن کەس لە فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە گەشتیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی حوزەیرانی فڕۆکەخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە و دەڵێت، نزیکەی 23 ملیۆن كه‌س لێیانەوە گەشتیان کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، مانگی رابردوو 217 هەزار و 663 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە هاووڵاتی و کەلوپەلیان گواستوەتەوە، بە جۆرێک 22 ملیۆن و 723 ھەزار و 642 کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشتیان کردووە و 464 هەزار و 35 تۆن کەلوپەل و پێداویستیش گوێزراوەتەوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامارەکەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گرێداوە و دەڵێت، 104 ملیۆن و 833 هەزار و 309 کەس لە رێگەی 1 ملیۆن 71 هەزار و 801 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە ئەنجامداوە؛ هەروەها 2 ملیۆن و 242 هەزار و 185 تۆن کەلوپەلیش لەو فڕۆکەخانانەوە گوێزراوەتەوە. 
 
62 فڕۆکەخانەی سڤیل لە تورکیادا هەن کە 18یان لە باکووری کوردستانن. فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەڵەتێ، سێواس، رووها و وان نێودەوڵەتین.