وەزیری دادی تورکیا: لە گرتووخانەی ئیمراڵی سیاسەتی گۆشەگیرکردن جێبەجێ ناکرێت

13-06-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا وەڵامی پرسیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیای دایەوە و، رەتیکردەوە لە گرتووخانەی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکردن هەبێت.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی تورکیا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-6-2024 چەند پرسیارێکی لەبارەی دۆخی گرتووخانەکان ئاراستەی یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کرد. 
 
وەزیری دادی تورکیا بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری گیراوان کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە کەسوکاری گیراوە نەخۆشەکان؛ سافورە ئاکن، لەیلا کودای، غوربەت تەکین و هولیا تاش ئامادە بوون.
 
هەریەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی؛ مەراڵ دانش بێشتاش، نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان و عەلی بۆزان لەگەڵ کەسوکاری گیراوان بوون. پەرلەمانتارانیش چەند پرسیارێکیان ئاراستەی وەزیری داد کرد. 
 
کەسوکاری گیراوان داواکاریی خۆیانیان بۆ ئازادکردنی ئەو گیراوانەی تەندروستییان باش نییە، بە وەزیری داد گەیاند. وەزیری داد تێبینی و داواکارییەکانی لە کەسوکاری گیراوان وەرگرت و رایگەیاند لە دوای جەژن، دووبارە لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە.
 
پرسیاری ئەوەش ئاراستەی وەزیری داد کرا 'سەرەڕای حوکمی بێ تاوانی، بەشێک لە گیراوان هەر لە گرتووخانەکاندا دەهێڵدرێنەوە؟' بەڵام وەزیری داد هیچ وەڵامێکی ئەو پرسیارەی نەدایەوە. 
 
ئویساڵ ئاسڵان، پەرلەمانتاری بازنەی شرنەخی دەم پارتی سەبارەت بە بوونی گۆشەگیری و و رێکاری تووندی سەر گرتووخانەی ئیمراڵی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و هاوڕێکانی لەوێ بەندکراون، پرسیاری لە وەزیری داد کرد. نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان، دەستەواژەی بەڕێز ئۆجەلانی بەرامبەر وەزیری دادی تورکیا بەکارهێنا. یڵماز تونچ رەتیکردەوە هیچ جۆرە گۆشەگیرکردنێک لە گرتووخانەی ئیمراڵی جێبەجێ بکرێت و گوتی "لەوێدا حوکمی قورسی سزای زیندانیی هەتاهەتایی درێژەی هەیە. ئەوەی لە ئیمراڵیدا حوکمدراوە سەردەستەی تیرۆرە. بۆیە دەمەوێت رایبگەیەنم کە دەستەواژەی 'بەڕێز' قبووڵناکەم".
 
عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی باسی لەوە کرد؛ گوایە ئاوی خواردنەوەی پێویست بە گیراوانی ئیمراڵی نادرێت. وەزیری دادی تورکیا لە وەڵامدا پێیڕاگەیاندن، رۆژانە 50 لیتر ئاوی گەرم و 150 لیتریش ئاوی ساردیان پێدەدرێت. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە شوباتی 1999ـوە لە گرتووخانەی ئیمراڵی بەند کراوە، دوایین جار لە 7ـی ئابی 2019 پارێزەرەکانی سەردانیان کرد. دوای زیاتر لە دوو ساڵ گۆشەگیری، لە 12ـی کانوونی دووەمی 2019 رێگە درا محەممەد ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی بکات و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای بکەوێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە