رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی دەم پارتی، جەهەپە و مەهەپە، دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، شەش دۆسیەی تاوان لە دژی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، سێ پەرلەمانتاری جەهەپە و پەرلەمانتارێکی مەهەپە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ دوو دۆسیەی تاوان لە دژی ئۆنور دوشەنمەز، پەرلەمانتاری دەم پارتی؛ سێ دۆسیەی تاوان لە دژی هەریەک لە فەخری ئۆزکان، سوات ئۆزچاغداش و حەسەن ئۆزتورکمان، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی جەهەپە؛ دۆسیەیەکی تاوانیش لە دژی فیلیز کیلیچ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مەهەپە تۆمارکراوە.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28مین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 758 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 524یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراوە. هەر لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا، لە کۆی 524 دۆسیەی تاواندا 99 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراوە.
هەروەها رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا-تیپ سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکرابوون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ